Accessibility links

کۆشکی سپی: ئەمەریکا و کۆریای باشوور پلان دادەنێن بۆ وەڵامدانەوەی هەر ' بەکارهێنانێکی ئەتۆمی ' لەلایەن کۆریای باکوورەوە


کۆشکی سپی دەڵێت ئەمەریکا و کۆریای باشوور پلانێکی وەڵامدانەوەی " کاریگەری هەماهەنگ " دادەنێن ئەگەر کۆریای باکوور چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی کۆریای باشوور یوون سوک ییۆل " ئەرکێکیان داوە بە تیمەکانیان بۆ دانانی پلانێکی کاریگەری هەماهەنگ بۆ وەڵامدانەوەی کۆمەڵێک سیناریۆ، لەوانەش بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن کۆریای باکوورەوە."

ڕۆژی دووشەممە کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا ئەگەری هەیە کۆریای باشوور و ئەمەریکا مەشقی ئەتۆمی هاوبەش ئەنجام بدەن، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە وەڵامدا وتی " نەخێر."

وتەبێژەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی ڕوونکردنەوەیدا و وتی مەشقی ئەتۆمی بژاردەیەک نیە چونکە کۆریای باشوور چەکی ئەتۆمی نیە.

وتیشی " بەڵام ئەمەریکا بە تەواوەتی پابەندە بە هاوپەیمانەکانمانەوە و لە ڕێی تەواوی تواناکانی بەرگری ئەمەریکاوە پشتیوانی بەرپەرچدانەوەیان بۆ دابین دەکات."

ئۆفیسی سەرۆکی کۆریای باشوور یوون سوک ییول لە بەیاننامەیەکدا وتی هاوپەیمانان " لە گفتوگۆدان سەبارەت بە هاوبەشکردنی زانیاری و دانانی پلانی هاوبەش و جێبەجێکردنی ئەو پلانانەی کە پەیوەستن بە ئەتۆمی ئەمەریکاوە بۆ وەڵامدانەوەی چەکی ئەتۆمی کۆریای باکوور."

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی چۆسون ئیلبۆ کە ڕۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە، یوون وتی " چەتری ئەتۆمی ئەمەریکا و خۆڕاگری درێژخایەن " چیتر بەس نین بۆ دڵنیاکردنەوەی کۆریاییەکانی باشوور.

وتی " ئەمەریکا خاوەنی چەکە ئەتۆمییەکانە، بەڵام پلاندانان و هاوبەشکردنی زانیارییەکان و مەشقەکان دەبێت بە هاوبەشی بکرێت لەلایەن کۆریای باشوور و ئەمەریکاوە." وتیشی ئەمەریکا " زۆر ئەرێنییە " سەبارەت بەو بیرۆکەیە.

بەڵام بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی هیچ شێواوییەک نیە لەسەر بواری هەماهەنگی هاوپەیمانان.

وتی " چونکە کار و لێدوانەکانی کۆریای باکوور نیگەرانییەکی زۆرییان دروست کردووە." ئەمەریکا و کۆریای باشوور " پێکەوە کاردەکەن بۆ پتەوکردنی خۆڕاگرتنی درێژخایەن، لەوانەش لە کۆتاییدا لە ڕێی مەشقە باڵاکانەوە کە وەڵامدانەوەی هاوبەشمان ئاشکرا دەکات بۆ کۆمەڵێک سیناریۆ، بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیشەوە."

وتی " ئەمە لەگەڵ لێدوانەکانی سەرۆک یووندا دەگونجێت کە دەڵێت ئەمەریکا و کۆریای باشوور پلان و هاوبەشکردنی زانیارییەکان و مەشقەکانی نێوانیان فراوانتر دەکەن."

دوای ئەوەی ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون داوای زیادکردنی خێرای جبەخانە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی کرد و داوای کرد پەرە بە سیستمێکی نوێی موشەکی باڵیستیکی کیشوەربڕ بدرێت، گرژییەکانی نیمچە دوورگەی کۆریا زیاتر بوون.

لە ساڵی 2022 دا کۆریای باکوور ژمارەیەکی بێپێشینە لە موشەکی باڵیستیکی تاقیکردەوە، بە موشەکی باڵیستیکی کیشوەربڕیشەوە.

لە ژێر سەرۆکایەتی یووندا، کۆریای باشوور مەشقە سەربازییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا زیاتر کرد، ئەوەش دوای ئەوەی پێشتر بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و چەند هۆکارێکی دیکەوە کەمبوونەوە.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت " هەر هێرشێکی ئەتۆمی کۆریای باکوور دژی ئەمەریکا یاخود هاوپەیمان و هاوبەشەکانی جێی قبوڵکردن نابێت و دەبێتە هۆی کۆتایی هاتنی ئەو ڕژێمە. هیچ سیناریۆیەک نیە تیایدا ڕژێمەکەی کیم چەکی ئەتۆمی بەکاربخات و ڕزگاری ببێت."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG