وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ وتی هێشتا زووە باس لە لێپێچینەوەی چین بکەین لەسەر ئەوەی بەرپرسانی ئەمەریکی پێیان وایە چین زانیاریی تەواوی لەسەر مەترسی و گەورەیی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە وڵاتەکەیدا نەداوە.
پەمپێۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەمەریکا 50 هەزار هاوڵاتی ئەمەریکی گەڕاندۆتەوە بۆ وڵاتەکە دوای ئەوەی لە سەرتاسەری جیهاندا ڕێگاکانیان لێگیرابوو بەهۆی قەدەغەکردنی گەشت و هاتوچۆوە، وتیشی هێشتا هەزاران کەسی دیکەش ماون چاوەڕێی گەڕانەوە دەکەن.
کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە لێپێچینەوە لە چین وتی " ئێستا کاتی لێپێچینەوە نیە، بەڵام کاتی ئەوەیە شتەکان ڕوون ببنەوە."
چین تەنها 3,000 حاڵەتی گیان لەدەستدانی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە تۆمارکردووە کە لە شاری وهانی ئەو وڵاتە سەری هەڵدا، سەرۆک ترامپ و بەرپرسانی دیکەی ئەمەریکا گومانیان هەیە لەم ژمارەیە لەکاتێکدا ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە وڵاتانی دیکەدا زۆر زیاترن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز