وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ ڕۆژی یەکشەممە بە تەواوەتی پشتگیری لە ئامانجەکانی جەنگەکەی ئیسڕائیل کرد لە کەرتی غەززەدا، وتی حەماس " دەبێت لە ناوببرێت."
ڕوبیۆ لە دەستپێکی گەشتەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئۆرشەلیم لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا کۆبووەوە، دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ پێشنیاری کرد ئەمەریکا کەرتی غەززە بگرێت و فەلەستینییەکان لە کەرتەکە بگوازێتەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ.
نەتانیاهو پێشوازی لەو پلانە کردووە، وتی لەگەڵ سەرۆک ترامپدا " ستراتیژییەکی هاوبەشییان " هەیە بۆ داهاتووی غەززە. وتی " دەرگاکانی دۆزەخ دەکرێنەوە " ئەگەر حەماس ئەو بارمتانەی کە هێشتا لە غەززە ماونەتەوە ئازادییان نەکات، بارمتەکان لە هێرشەکەی حەماسدا لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا بۆ سەر ئیسڕائیل ڕفێندران.
لێدوانەکانی ڕوبیۆ و نەتانیاهو پێش کۆتایی هاتنی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس دێن، لە قۆناغی دووەمدا بڕیارە حەماس دەیان بارمتەی ئیسڕائیلی ئازاد بکات لە بەرامبەر ئازادکردنی زیندانی زیاتری فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسڕائیلدا، هاوکات لەم قۆناغەدا تاوتوێی ئاشتییەکی هەمیشەیی و کشانەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل دەکرێت.
ڕوبیۆ وتی حەماس ناتوانێت وەکو هێزێکی سەربازیی یاخود حکومی بەردەوام بێت. وتی " هەتاوەکو ئەو کاتەی کە وەکو هێزێک بێت کە بتوانێت حکومڕانی بکات یاخود وەکو هێزێک بێت کە هەڕەشەی بەکارهێنانی توندوتیژی بکات، ئاشتی مەحاڵ دەبێت. دەبێت لە ناوببرێت."
ڕوبیۆ بڕیارە سەردانی وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش بکات، لەوانە ئیماڕات و عەرەبستانی سعودیە.
سەرچاوە/ AP
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ئیسڕائیل دەڵێت "حەماس دەبێت لە ناوببرێت"
