Accessibility links

نەتانیاهو دەڵێت بە پشتیوانی ئەمەریکا ' دەتوانن کارەکە دژی ئێران تەواو بکەن '


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆدا وتی ئیسڕائیل و ئەمەریکا سوورن لەسەر بەرپەرچدانەوەی هەوڵەکانی ئێران بۆ ئەتۆم و " دوژمنکارییەکانی " لە ناوچەکەدا.

دوای کۆبوونەوەکەی لە ئۆرشەلیم لەگەڵ ڕوبیۆدا، نەتانیاهو وتی " گفتوگۆیەکی زۆر بە بەرهەمییان " کردووە لەسەر چەندین پرس، " گرنگترینییان پرسی ئێران."

وتی " ئیسڕائیل و ئەمەریکا پێکەوە شان بە شانی یەکتر دژی مەترسی ئێران وەستاون. ڕێککەوتووین لەسەر ئەوەی کە ئایەتوڵاکان نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت و ڕێککەوتین لەسەرئەوەی دوژمنکارییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دەبێت ڕابگیرێن."

ڕوبیۆ وتی " لە پشت هەر گروپێکی تیرۆریستییەوە، لە پشت هەر کارێکی توندوتیژییەوە، لە پشت هەر چالاکییەکی ناسەقامگیرکەرەوە، لە پشت هەر شتێکەوە کە مەترسی لەسەر ئاشتی و سەقامگیری ملیۆنان کەس دروست بکات لەم ناوچەیەدا ئێرانە."

نەتانیاهو وتی ئیسڕائیل " بە توندی لە ئێرانی داوە " لە ماوەی 16 مانگی جەنگەکەی ناو غەززەدا دژی حەماس، وتیشی بە پشتیوانی سەرۆک ترامپ " هیچ گومانێکم نیە لەسەر ئەوەی دەتوانین و کارەکە تەواو دەکەین."

وتی ئیسڕائیل حزبوڵای لە باشووری لوبنان لاواز کرد و سەدان ئامانجی لە سوریا پێکاوە لە هەوڵیدا بۆ ڕێگریکردن لە کردنەوەی بەرەیەک لەلایەن گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانەوە دژی ئیسڕائیل.

وتی " ئێستا، ئەگەر هەر هێزێکی دیکە باوەڕی وابێت کە ئیسڕائیل ڕێگە بە هێزی دوژمنکاری دیکە دەدات سوریا وەکو بنکەیەک بۆ ئۆپەراسیۆن دژمان بەکاربهێنێت ئەوا زۆر هەڵەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG