Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکا دەڵێت ئێران دەستبەرداری هەندێک لە داواکارییەکانی بووە بۆ ڕێکەوتنە ناوەکییەکە


بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند ئێران دەستبەرداری هەندێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی بووە بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015، لەوانەش سووربوونی لەسەر کۆتایی هێنان بە هەندێک لە لێکۆڵینەوەی پشکێنەرە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

ئەمەریکا بەنیازە بەمزووانە وەڵامی ئەو دەقە بداتەوە کە یەکێتی ئەوروپا پێشنیاری کردووە بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە.

بەرپرسەکە کە بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات، گوتی سەرەڕای ئەوەی تاران دەڵێت ئەمەریکا هەندێک سازدانی کردووە، ئێران دەستبەرداری هەندێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی بووە.

گوتی " هەفتەی ڕابردوو گەڕانەوە و دەستبەرداری داواکارییە سەرەکییەکانیان بوون بۆ ڕێکەوتنەکە."

گوتیشی " سازدانیان لەسەر ئەو پرسانە کرد کە لە سەرەتاوە دەستیان پێوەگرتبوون، گەڕانەوە بۆ سەر ئەگەری پابەندبوونەوە بە ڕێکەوتنەکە بەو مەرجانەی کە سەرۆک بایدن دەتوانێت پەسەندییان بکات، ئەگەر ئەمڕۆ نزیکتر بووبینەوە، لەبەر ئەوەیە کە ئێران جووڵا."

بەرپرسەکە گوتی ئێران داواکارییەکەی سەرەکی هەبوو لەسەر ئەوەی ئەمەریکا سوپای پاسدارانی ئێران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا لاببات.

گوتی " ئێمە پێمان گوتن لە هیچ بارودۆخێکدا ئەوە ناکەین. بەردەوام بوون لە داواکەیان. مانگێک لەمەوبەر تۆزێک دەستبەرداری ئەو داواکارییە بوون و وتیان دەتوانن سوپای پاسداران لەو لیستەدا بهێڵنەوە بەڵام دەمانەوێت سزاکان لەسەر هەندێک لەو کۆمپانیایانە لاببەن کە پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەیە. وتمان نەخێر ئەوە ناکەین."

ئێران داواشی کردبوو دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە شوێنەوارەکانی یۆرانیۆم لە هەندێک لە کارخانەکانیدا کۆتایی پێبهێنێت.

بەرپرسەکە گوتی " ئێران گرەنتی دەوێت کە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەرجەم ئەو لێکۆڵینەوانە دابخات، وتمان هەرگیز ئەوە قبوڵ ناکەین."

دەستەی بەڕێوبەرایەتی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لە مانگی شەشدا بە زۆرینەی دەنگ بڕیارێکیان پەسەند کرد و تیایدا سەرکۆنەی ئێرانییان کرد لەسەر ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە لەسەر بوونی شوێنەواری یۆرانیۆم لە کارخانەیەکدا کە پێشتر ئێران ڕاینەگەیاندووە.

گوتیشی " ئێستا تاوتوێی وەڵامی ئێران دەکەین و بەزوویی وەڵامییان دەدەینەوە."

هەروەها وتی " ئەگەر ڕێکبکەوین، بەڵێ هەندێک لە سزاکان لادەبەین، بەڵام ئێران دەبێت بەرنامە ناوەکییەکەی دابماڵێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG