Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا دەڵێت بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەمەریکا هەڵسەنگاندن بۆ وەڵامی ئێران دەکات سەبارەت بە ڕێککەوتنی ناوکی


گوتەبێژێکی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە یەکێتیەکە خەریکی هەڵسەنگاندنی وەڵامی ئێرانە بۆ دەقی کۆتایی ڕەشنووسی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان، بۆ ئەم مەبەستەش ڕاوێژ لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی بەشدار لە ڕیککەوتنەکەدا دەکات.

ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئەورووپا ڕەتیکردەوە کاتێکی دیاریکراو بۆ هەر جۆرە کاردانەوەیەکی یەکێتی ئەوروپا کە هەماهەنگی دانوستانەکان لە ڤیەننا دەکات ڕابگەیەنێت.

دوای 16 مانگ لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بە نێوەندگیری یەکێتی ئەوروپا، بەرپرسێکی باڵای یەکێتی ئەوروپا لە 8ی مانگی هەشتدا ڕایگەیاند کە یەکێتیەکە پێشنیاری کۆتایی پێشکەشی لایەنەکان کردووە و چاوەڕوان دەکات لە ماوەیەکی کورتدا وەڵامی پێشنیارەکەی بدرێتەوە.

درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە ئێران وەڵامی پێشنیارەکەی داوەتەوە، بەڵام نە تاران و نە یەکێتی ئەوروپا هیچ وردەکارییەکیان لە بارەی ناوەڕۆکی وەڵامەکەوە نەخستوەتەڕوو.

گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە کە واشنتن وەڵامەکەی ئێرانی لە ڕێگەی یەکێتی ئەوروپاوە پێگەیشتووە و خەریکی پێداچوونەوەیە بە سەر وەڵامەکەدا.

واشنتن پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئامادەیە لەسەر بنەمای پێشنیارەکانی یەکێتی ئەوروپا ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 زیندوو بکاتەوە.

دیپلۆماتکاران و بەرپرسان بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە ئەمەریکا و ئێران پێشنیارەکانی "کۆتایی" یەکێتی ئەوروپا قبوڵ بکەن یان نا، پێناچێت هیچ کام لە لایەنەکان بە تەواوی کەوتنی ڕێککەوتنەکە ڕابگەیەنن، چونکە لە بەرژەوەندی هەردوو لایەندایە کە ڕێککەوتنەکە بە زیندووی بمێنێتەوە.

دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی نێوان ئێران و ئەمەریکا لەوەتای دەستبەکاربوونی جۆو بایدن وەک سەرۆکی ئەمەریکا دەستی پێکردووە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG