Accessibility links

ڕابەرانی ئەمەریکا و بەڕیتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا تاوتوێی پرسی ناوەکی ئێران دەکەن


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت ڕابەرانی ئەمەریکا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا تاوتوێی هەوڵەکانیان کردووە بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان، بابەتی سەرەکی گفتوگۆکەش ئۆکرانیا بووە.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بە پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان ڕابەرانی چوار وڵاتەکە کرد و گوتی " لەگەڵ ئەوەشدا باس لە گفتوگۆ بەردەوامەکان کراوە سەبارەت بە بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران، هەروەها پێویستیەکان بۆ پتەوکردنی پشتیوانییەکان بۆ هاوبەشەکانمان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەربەست دانان لەبەردەم چالاکییە تێکدەرەکانی ئێران لە ناوچەکەدا."

کۆشکی سپی هیچ وردەکارییەکی زیاتری نەدا سەبارەت بە گفتوگۆکانی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەفتەی ڕابردوو ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا گوتیان تاوتوێی وەڵامدانەوەی ئێران دەکەن بۆ کۆتا " دەقی " پێشنیارکراوی یەکێتی ئەوروپا بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە.

لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا. لەلای خۆشیەوە ئێران قۆناغ بە قۆناغ بەرپرسیارێتییە سەرەکییەکانی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا پشتگوێ خست. بەپێی ڕێکەوتنەکە، سزاکانی سەر ئێران لابران و لەبەرامبەریشدا ئێران چالاکییەکانی بەرنامە ناوەکییەکەی سنووردار کرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG