Accessibility links

ئەمەریکا سزای نوێ بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنێت


ئەمەریکا کۆمەڵێک سزای نوێی بەسەر ڕووسیادا سەپاند و سەدان کەس و کۆمپانیای کردە ئامانج، بە یاسادانەرانی ڕووسیا و ئەو کەسانەشەوە کە پشتیوانی لە پیشەسازی سەربازیی ڕووسیا دەکەن. ئەمەش وەکو وەڵامێک بۆ ڕاگەیاندنەکەی مۆسکۆ بۆ لکاندنی چوار هەرێمی ئۆکرانیا بە ڕووسیاوە.

دوای ئەوەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لکاندنی لە سەدا 15 ی خاکی ئۆکرانیای بە ڕووسیاوە ڕاگەیاند، ئەمەریکا سەپاندنی سزاکانی بەسەر ئەو وڵاتەدا ڕاگەیاند.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین سەرکۆنەی ئەم جووڵانەی ڕووسیا بکات و لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکات. بەردەوام دەبین لە دابینکردنی ئەو کەلوپەلانەی کە ئۆکرانیا پێویستییەتی بۆ بەرگریکردن لە خۆی، بە هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ دووبارە کێشانەوەی سنوورەکانی دراوسێکەی ناوەستین."

لەم ساڵدا بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی کۆمەڵێک سزای توندییان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە کە بازرگانی نێودەوڵەتی ڕووسیا و ئابووری ناوخۆی ئەو وڵاتەی پەکخستووە. بەڵام تاوەکو ئێستا سزایان بەسەر پیشەسازی وزەی ڕووسیادا نەسەپاندووە کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی ڕووسیایە.

وەزارەتی خەزێنە و بازرگانی ئەمەریکا هۆشدارییان داوە لەسەر ئەوەی هەر کەس و کۆمپانیایەکی دەرەوەی ڕووسیا پشتیوانی سیاسیی و ماددی و ئابووری ڕووسیا بکات ئەوا ڕووبەڕووی مەترسی سزاکان دەبنەوە.

سزاکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بە گشتی سەرمایەی بە ئامانجکراوەکان لە ئەمەریکا سڕ دەکات و لەسەر ئەمەریکییەکانی قەدەغە دەکات مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن.

وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکاش 57 لایەنی لە ڕووسیا و کرایمییە زیاد کرد بۆ قەدەغەکردنی هەناردەکردن.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا گوتی سزای بەسەر 14 کەسی ناو پیشەسازی سەربازیی ڕووسیا و دوو ڕابەری بانکی ناوەند و ئەندامانی خێزانەکانی بەرپرسانی باڵای ڕووسیا و 278 ئەندامی دەسەڵاتی یاساداناندا سەپاندووە، ئەوەش بەهۆی " پشتیوانیکردنیان لە ڕیفراندۆمە ساختەکانی ڕووسیا و هەوڵدان بۆ لکاندنی ناوچەکانی ئۆکرانیا بە ڕووسیاوە."

ئەو بەرپرسانەی کە سزاکانی ئەمەریکا دەیانگرێتەوە بریتین لە جێگری سەرۆک وەزیری ڕووسیا ئالیکساندەر نۆڤاک و 109 ئەندام پەرلەمان و ئەنجومەنی فیدراسیۆنی فیدڕاڵی ڕووسیا و 169 ئەندامی ئەنجومەنەکە و فەرمانڕەوای بانکی ناوەندی ڕووسیا ئیلڤیرا نابیولینا.

لە نێو ئەو لایەنانەشدا کە پەیوەستن بە پشتیوانیکردن لە بەرگری ڕووسیاوە کۆمپانیایەکی چینی تێدایە کە خەزێنەی ئەمەریکا بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە کۆمپانیای ڕادیۆئەڤتۆماتیکا تۆمەتباری کردووە، کە ئەمەریکا بە کۆمپانیایەکی پەیداکەری بەرگری ڕووسیا ناساندوویەتی.

واشنتن وتی کۆمپانیای سینۆ ئەلیکترۆنیکسی چینی دوابەدوای داگیرکارییەکەی ڕووسیاش لە ئۆکرانیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمپانیا ڕووسییەکەدا هێشتۆتەوە.

کۆمپانیاکانی تاکۆ ئێڵ ئێڵ سی لە ئەرمینیا و کۆمپانیای نۆڤاستریمی سنوورداری ڕووسی و کۆمپانیایەکی سەر بە دەوڵەتی بێلاڕووس و کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا و بەرگری ڕووسیا لە نێو ئەو کۆمپانیایانەدان کە سزایان بەسەردا سەپێندراوە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ئەندامانی خێزانی بەرپرسانی باڵای ڕووسیاشی کردۆتە ئامانج، لەوانەش هاوسەر و دوو منداڵەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ڕووسیا میخایل میشوستین و هاوسەر و منداڵەکانی وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شویگۆ و هاوسەر و منداڵەکانی سەرۆکی سوپای پاسەوانانی نیشتیمانی ڕووسیا.

هەروەها ئەندامانی خێزانەکانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی فیدراسیۆنی ڕووسیا دمیتری مێدڤیدیڤ و وتەبێژی ئەنجومەنی فیدراسیۆنی ڕووسیا ڤالێنتینا ماتیڤینکۆ و فەرمانڕەوای شاری سەینت پیتەرسبێرگ ئالیکساندەر بێگلۆڤ سزایان بەسەردا سەپێندراوە.
لە بەیاننامەیەکی جیادا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند قەدەغەکردنی پێدانی ڤیزای بەسەر زیاتر لە 900 کەسدا سەپاندووە، لەوانەش بەرپرسانی سەربازی ڕووسیا و بێلاڕووس و " بەرپرسە بریکارەکانی ڕووسیا لەسەر پێشێلکردنی سەروەری خاکی ئۆکرانیا و سەربەخۆیی سیاسیی." گەشتکردنیان بۆ ئەمەریکا قەدەغە کراوە.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان وتی ئەمەریکا هیوادارە سزاکانی ڕۆژی هەینی توانا سەربازییەکانی ڕووسیا بۆ هەڕەشەکردن لە ئۆکرانیا کەم بکەنەوە و " کەرتە سەرەکییەکانی ڕووسیا تێک بدەن "، لەوانەش کەرتی تەکنەلۆجیا و پیشەسازی و بەرگری ئەو وڵاتە. گوتیشی " لەبەر ئەوەی تواناکانی بۆ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکەی و هەڕەشەکردن لە دراوسێکانی و هەڵگیرساندنی جەنگی دوژمنکاری بە تێپەڕبوونی کات کەم ببێتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG