Accessibility links

ئەمەریکا بە توندی هەوڵەکانی مۆسکۆ بۆ لکاندنی ناوچەکانی ئۆکرانیا بە ڕووسیا شەرمەزار دەکات


کۆشکی سپی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە لکاندنی چوار هەرێمی ئۆکرانیا بە ڕووسیاوە و دەڵێت "ئەمەریکا هەوڵی ساختەکاری ئەمڕۆی ڕووسیا بۆ لکاندنی خاکی سەروەری ئۆکرانیا شەرمەزار دەکات. ڕووسیا یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێلدەکات و لە هەموو شوێنێک سووکایەتی بە گەلانی ئاشتیخواز دەکات."

هەروەها کۆشکی سپی دەڵێت "هەڵە مەکەن؛ ئەم کردارانە هیچ شەرعیەتێکیان نییە. ئەمەریکا هەمیشە ڕێز لە سنورەکانی ئۆکرانیا دەگرێت کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانیانپێدانراون. ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی ئۆکرانیا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی خاکەکەی بە بەهێزکردنی هێزەکانی لە ڕووی سەربازی و دیپلۆماسییەوە، لە نێویاندا ئەو هاوکارییە ئاسایشیانە زیاتر دەکەین کە ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند 1.1 ملیار دۆلارە."

ئەمەریکا سزای نوێ بەسەر ڕووسیادا ڕادەگەیەنێت

هەروەها هەر لەو بەیاننامەیەی کۆسکی سپیدا هاتووە " لە وەڵامی بانگەشە ساختەکانی ڕووسیادا سەبارەت بە لکاندنی ئەو ناوچانە، ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان ئەمڕۆ سزای نوێ ڕادەگەیەنن. ئەم سزایانە بەسەر ئەو کەس و لایەنانەدا دەسەپێنن - لە ناوەوە و دەرەوەی ڕووسیا- کە پشتگیری سیاسی یان ئابووری پێشکەش بە هەوڵە نایاساییەکان دەکەن بۆ گۆڕینی دۆخی خاکی ئۆکرانیا. ئێمە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کۆدەکەینەوە بۆ ئەوەی هەم ئەم هەنگاوانە سەرزەنشت بکەن و هەم لێپرسینەوە لە ڕووسیا بکەن. ئێمە بەردەوام دەبین لە دابینکردنی ئەو ئامێر و کەرەستانە بۆ ئۆکرانیا کە پێویستیەتی بۆ بەرگریکردن لە خۆی، بێوچان بەرەنگاری هەوڵە بێڕێزیەکانی ڕووسیا دەبینەوە بۆ دووبارە کێشانەوەی سنوورەکانی دراوسێکەی؛ وە چاوەڕێی واژۆکردنی یاسایەکین لە کۆنگرێسەوە کە 12 ملیار دۆلاری دیکە بۆ پشتگیریکردنی ئۆکرانیا دابین بکات. "

هەروەها هەر لە ڕاگەیندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە "داوا لە هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم هەوڵە نایاساییەکانی ڕووسیا بۆ لکاندنی ئۆکرانیا ڕەت بکەنەوە و تا ئەوکاتەی کە پێویستە پشتیوانی خەڵکی ئۆکرانیا دەکەین."

شایەنی باسە ڤلادیمیر پوتنی سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی هەینی لە ڕێوڕەسمێکی گەورەدا لە کرێملین چوار هەرێمی ئۆکرانیای خستە سەر وڵاتەکەی کە لەلایەن سوپاکەیەوە کۆنترۆڵکرابوون. پاشان داوای لە کیێڤ کرد چەک دابنێت و دانوستان بکات بۆ کۆتایهێنان بە شەڕی حەوت مانگەی بۆ سەر ئۆکرانیا.

هەڕەشەکانی ڕووسیا

مەراسیمە گەورەکەی کرێملین کە خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی ئەم دواییەی لە دوای سۆڤیەت، چەند کاتژمێرێک دوای بۆمبارانکردنی ناوچەی زاپۆریژیا بوو لە باشووری ئۆکرانیا کە 25 کەس بەهۆیەوە کوژران. هێرشەکە یەکێک بوو لە خراپترین هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی سیڤیل لە ماوەی ئەو چەند مانگەی جەنگەکەدا.

پوتن لە میانی وتارێکدا بۆ باڵاترین دەستەبژێری سیاسی ڕووسیا بە ئاڵنگارییەوە بە ڕۆژئاوای ڕاگەیاند کە پاشگەزنابنەوە لە لکاندنی ئەو ناوچانە بە وڵاتەکەیەوە و داوای لە سوپای بوێری ئۆکرانیا کرد دەستبەرداری بن و خۆبەدەستەوە بدەن دانوستان بکەن.

پوتن گوتیشی "من دەمەوێت ئەمە بە ڕژێمی کیێڤ و ئاغاکانی لە ڕۆژئاوا بڵێم " خەڵکی دانیشتووی لوگانسک، دۆنێتسک، خێرسۆن و زاپۆریژیا بۆ هەمیشە دەبنە هاووڵاتیمان."

پێش مەڕاسیمەکە پوتین هۆشداری دا لەوەی کە دەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت بۆ مانەوەی کۆنترۆڵی خاکەکان لە کاتێکدا کیێڤ سوێندی خواردووە کە ئەو هەنگاوە هیچ جیاوازییەک لە ئامانجەکانی بۆ دەرکردنی هێزەکانی ڕووسیا لە خاکەکەی دروست ناکات.

هەر پێنج هەرێمەکە بەیەکەوە لەنێویاندا کریما، نزیکەی لەسەدا 20ی خاکی ئۆکرانیا پێکدەهێنن، کە هێزەکانی ئۆکرانیا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەشێکی لە هێرشی بەرپەرچدانەوە ئازادکرد.

لە خێرسۆن، بەرپرسانی ڕووسیا ڕایانگەیاند کە هێرشەکانی ئۆکرانیا بە سیستەمی تۆپخانەی وردی دابینکراو لەلایەن ئەمەریکاوە بووەتە هۆی کوژرانی بەرپرسێکی باڵای ئاسایشی ئەو ناوچەیەی کە لەژێر کۆنترۆڵی ڕووسیادایە.

هەڵوێستی ئۆکرانیا و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

هەروەها هێزەکانی ئۆکرانیا لەبەردەم دەرگای لیماندان لە دۆنێتسک کە هێزەکانی مۆسکۆ بۆ چەند هەفتەیەک هێرشیان کردە سەر و لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا داگیریان کردبوو.

ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە کە تاکە وەڵامی گونجاوی ڕۆژئاوا ئەوەیە کە سزای زیاتر بسەپێنێت بەسەر ڕووسیادا و چەکی زیاتر بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا دابینبکات بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە وەرگرتنەوەی خاکەکەی.

ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیش رۆژی هه‌ینی ده‌نگ له‌سه‌ر بڕیارنامه‌یه‌ك ده‌دات كه‌ ریفراندۆمه‌كان سەرزەنشت بكات، به‌ وته‌ی فه‌ڕه‌نسا، سه‌رۆكی ئێستای ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یە و دەڵێت به‌هۆی ده‌سه‌ڵاتی ڤیتۆی مۆسكۆوە هیچ دەرفەتێک لە ئارادا نیە‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی ئەو بڕیارە.

وتەبێژی زێلێنسکی ڕایگەیاندووە، زێلێنسکی بۆ ڕۆژی هەینی کۆبوونەوەیەکی "بەپەلە"ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی ڕێکدەخات.



*بۆ ئامادەکردنی ئەم هەواڵە سود لە ڕاگەیندراوەکەی کۆشکی سپی و ئاژانسی فرانس پرێس وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG