Accessibility links

بەهۆی ڕیفراندۆمەکانی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا یەکێتی ئەوروپا داوای سزای توند دەکات بۆ سەر ئەو وڵاتە


بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا داوای سەپاندنی " سزای توندییان " کرد بەسەر کەرتی بازرگانی ڕووسیادا، ڕەخنەی توندییان لە ڕووسیا گرت لەسەر " ڕیفراندۆمە ساختەکانی " لە ئۆکرانیا و وتیان خۆنمایشکردنێکن بۆ گرتنی نایاسایی خاک و گۆڕینی سنوورەکەی لەگەڵ ئۆکرانیادا.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین ڕایگەیاند ئەو ڕیفراندۆمانەی کە کرێملن لە چوار هەرێمی ئۆکرانیا ئەنجامیدان " هەوڵێکی نایاسایین بۆ گرتنی خاک و گۆڕینی سنوورە نێودەوڵەتییەکان لەڕێی بەکارهێنانی هێزەوە."

ڕووسیا دەڵێت ئەنجامی دەنگدانە پێنج ڕۆژییەکە لەو چوار هەرێمەی ئۆکرانیا لە بەرژەوەندی لکاندنی ئەو هەرێمانەیە بە ڕووسیاوە، بەڵام ڕیفراندۆمەکان لەلایەن ئۆکرانیا و ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە ڕەت کراوەتەوە.

ڤۆن دێر لین گوتی یەکێتی ئەوروپا " پلان دادەنێت بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی بەرهەمەکانی ڕووسیا و درێژکردنەوەی قەدەغەکردنی هەناردەکردنی تەکنەلۆجیاکانی یەکێتییەکە بۆ ڕووسیا، ئەوەش لە پێناو ئەوەی سوپای ڕووسیا لە تەکنەلۆجیا سەرەکییە سەربازییەکان بێبەش ببێت."

ڤۆن دێر لین لە بڕۆکسل بە ڕۆژنامەنووسانی گوت " ئەمە بەرهەمە ڕووسییەکان لە دەرەوەی بازاڕەکانی ئەوروپا دەهێڵێتەوە و ڕووسیا لە داهاتێکی لە 7 ملیار یۆرۆیی بێبەش دەکات."

دەبێت سەرجەم 27 ئەندامەکەی یەکێتی ئەوروپا سزاکان پەسەند بکەن تاوەکو جێبەجێ بکرێن، یەکێتییەکەش کێشەی هەبووە لە ڕێکەوتن لەسەر هەندێک لە سزاکانی پێشووتردا.

گوتیشی " ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی کرێملن باجی ئەم زیادکردنی گرژییانە بدات." ڕەنگە ڕووسیا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە سەدا 15 ی خاکی ئۆکرانیا بگرێتە خۆی و دەشڵێت هەر هەوڵێکی هێزەکانی ئۆکرانیا بۆ گرتنەوەی خاکەکان وەکو هێرشکردن بۆ سەر ڕووسیا سەیر دەکرێت.

بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دان نەنێن بە ڕیفراندۆمەکاندا.

بۆڕێڵ گوتی " لەگەڵ ئەو ڕیفراندۆمە نایاساییانەدا کە ڕووسیا ڕێکیخستوون، کرێملن پەیڕەوی هەمان بەرنامە دەکات کە لە ساڵی 2014 دا لە کرایمییە بینیمان." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو کاتەی کە ڕووسیا نیمچە دوورگەی کرایمییەی ئۆکرانیای گرت و یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی ڕێککەوتننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێل کرد.

بۆڕێڵ گوتی سڕکردنی سەرمایەکان و قەدەغەکردنی گەشت کردن بۆ ئەوروپا دەسەپێندرێن بەسەر " بەرپرسە بریکارەکانی ڕووسیادا لە دۆنێتسک و خێرسۆن و لوهانسک و زاپۆریژا " کە ڕیفراندۆمەکان لەو هەرێمانەدا ئەنجام دراون.

بەرپرسانی ئەو چوار هەرێمە وتیان داوا لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەکەن هەرێمەکانیان بخاتە سەر ڕووسیا.

بەرپرسەکانی سەر بە ڕووسیا لە چوار هەرێمەکەدا وتیان لە سەدا 93 ی دەنگدەران لە پێنج ڕۆژی دەنگدانەکاندا لە زاپۆریژا لە بەرژەوەندی لکاندنی هەرێمەکە بە ڕووسیاوە دەنگیان داوە، لە سەدا 87 ی دەنگدەران لە خێرسۆن و لە سەدا 98 ی دەنگدەران لە لوهانسک و لە سەدا 99 ی دەنگدەران لە دۆنێتسک لە بەرژەوەندی لکاندنیان بە ڕووسیاوە دەنگیانداوە.


XS
SM
MD
LG