Accessibility links

ئەمەریکا سزای نوێ دژی ڕووسیا ئامادە دەکات


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت ئەمەریکا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سزای ئابووری نوێ بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنێت، ئەوەش بەهۆی " ڕیفراندۆمە ساختەکانی " ڕووسیاوە لە هەرێمە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدن بۆ سزاکانی دواتری سەر ڕووسیا بیر لە کەرتەکانی وزە و دارایی ئەو وڵاتە دەکەنەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانماندا بۆ فشار خستنەسەر ڕووسیا و ئەو کەس و لایەنانەی کە یارمەتی ڕووسیا دەدەن لە هەوڵەکانیدا بۆ گرتنی خاک."

گوتی " دەتوانن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پێشبینی ڕێوشوێنی دیکە بکەن لێمانەوە."

وتەبێژی کۆشکی سپی کارین جین پیێر وتی سزاکان ئەو کەس و لایەنانەی ناوخۆ و دەرەوەی ڕووسیاش دەگرێتەوە کە پشتیوانی لە هەوڵەکانی ڕووسیا دەکەن بۆ لکاندنی ناوچەکانی ئۆکرانیا بە ڕووسیاوە.

گوتیشی ئەمەریکا دان نانێت بەو ناوچانەدا کە ڕووسیا دەیانگرێتە خۆی.

گوتیشی " بەپێی زانیارییەکانمان، هەموو ڕووەکانی پڕۆسەی ئەم ڕیفراندۆمە پێشتر ڕێکخراوە و لەلایەن کرێملنەوە داڕێژراوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG