بەپێی زانکۆی جۆنز هۆپکینز ڕۆژی دووشەممە ئەمەریکا بۆ یەکەمین جار دوای سێ مانگ کۆی حاڵەتەکانی گیان لەدەستدانی لە ڕۆژێکدا لە هەزار حاڵەت کەمتر بوو.
زانکۆی جۆنز هۆپکینز بڵاویکردەوە لە کاتژمێر 20:30 خولەکی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەوە تاوەکو کاتژمێر 20:30 خولەکی ئێوارەی ڕۆژی دووشەمە 749 حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئەمەریکا تۆمارکراوە.
ئەمەش یەکەمین جارە دوای 3 مانگ و نیو کۆی حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان لە ڕۆژێکدا کەم ببێتەوە بۆ کەمتر لە هەزار کەس.
لە 12 ی مانگی یەکدا ئەمەریکا 4473 حاڵەتی گیان لەدەستدانی لە تەنها یەک ڕۆژدا تۆمارکرد، کە ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەیی بوو لە حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان لە یەک ڕۆژدا.
تاوەکو ئێستا نزیکەی 59 ملیۆن ئەمەریکی یەکەمین بەشە ڤاکسینیان دژی ڤایرۆسەکە وەرگرتووە، کە ئەوەش دەکاتە نزیکەی لەسەدا 23 ی دانیشتوانی پێگەیشتووی وڵاتەکە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس