زانکۆی جۆنز هۆپکینز ئاماژەی بەوەدا لە ماوەی 24 کاتژمێردا لە ئەمەریکا نزیکەی 4500 حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تۆمارکراوە، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی نوێیە لە تەنها یەک ڕۆژدا.
زانکۆی جۆنز هۆپکینز ئەوەی خستەڕوو لە کاتژمێر 20:30 خولەکی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەوە تاوەکو کاتژمێر 20:30 خولەکی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 4470 حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئەمەریکا تۆمارکراوە، هەروەها زیاتر لە 235 هەزار حاڵەتی توشبوونیش بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە.
ئەمەش یەکەمین جارە ژمارەی حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان لە ئەمەریکا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە تەنها یەک ڕۆژدا 4000 حاڵەت تێپەڕێنێت.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئەمەریکا 22.8 ملیۆن کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون و زیاتر لە 380 هەزار حاڵەتی گیان لەدەستدانیش تۆمارکراوە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس