Accessibility links

سەرۆک ترامپ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا سەبارەت بە باجی گومرگ دەدوێت


ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەگەڵ سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆدا قسەی کرد، ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی سەپاندنی باجی گومرگ بەسەر کاڵای هاوردەی کەنەدا و مەکسیک و چیندا.

سەرۆک ترامپ وتی دوانیوەڕۆ جارێکی دیکە لەگەڵ ترودۆدا قسە دەکەنەوە و هاوکات داکۆکی لە بڕیارەکەی کرد بۆ سەپاندنی باجی گومرگ و وتی ئامانج لێی ناچارکردنی کەنەدایە بۆ ئەنجامدانی کاری زیاتر بۆ ڕێگریکردن لە هاتنی ماددەی هۆشبەری مەترسیداری فینتانیڵ بۆ ناو ئەمەریکا.

سەرۆک ترامپ وتی " کەنەدا تەنانەت ڕێگە نادات بانکەکانی ئەمەریکا لەوێ بکرێنەوە و کار بکەن. ئەوە بۆچی وایە؟ زۆر شتی لەوشێوەیە هەن، بەڵام ئەوە جەنگێکی دەرمانیشە، سەدان هەزاران کەس لە ئەمەریکا بەهۆی ئەو دەرمانانەوە مردوون کە لە سنوورەکانی مەکسیک و کەنەداوە دێنە وڵاتەکەوە."

پێشتریش سەرۆک ترامپ وتی پلانیشی هەیە لەگەڵ سەرۆکی مەکسیک کلاودیا شاینباومیشدا قسە بکات. لە ماوەی دوو هەفتەی سەرۆکایەتییەکەیدا، سەرۆک ترامپ باجی گومرگی بە ڕێژەی لە سەدا 25 سەپاند بەسەر کاڵای هاوردەکراوی مەکسیک و کەنەدا و لە سەدا 10 ش باجی گومرگی سەپاند بەسەر کاڵای چینیدا.

سەرۆک ترامپ دانی بەوەدانا کە سەپاندنی باجی گومرگ بەسەر سێ لە گەورەترین هاوبەشە بازرگانییەکانی ئەمەریکادا دەکرێت نرخەکانی شتومەک بە گشتی لە ئەمەریکا گران بکات، بەڵام ئەوە " شایەنی نرخەکەیەتی " لە پێناو پتەوکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکادا.

سەرۆکی ویلایەتی ئۆنتاریۆ ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند لە وەڵامی باجەکانی گومرگدا گرێبەستەکەی لەگەڵ خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی ستارلینکی ئیلۆن مەسکدا کۆتایی پێدەهێنێت. مەسک ڕاوێژکارێکی گرنگی سەرۆک ترامپە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەتی فیدڕاڵی ئەمەریکا.

سەرۆک وەزیری ئۆنتاریۆ دۆگ فۆرد وتی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان لە گرێبەستی پارێزگاکان قەدەغە دەکات، لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا گرێبەستێکی 68 ملیۆن دۆلاریی لەگەڵ کۆمپانیاکەی مەسکدا واژۆ کرد بۆ گەیاندنی ئینتەرنێتی خێرا بۆ دانیشتووانی دوورەدەست و باکووری ئۆنتاریۆ.

فۆرد وتی " گرێبەستەکەی پارێزگاکە لەگەڵ ستارلینکدا دەدڕین. ئۆنتاریۆ کار لەگەڵ کەسانێکدا ناکات کە سوورن لەسەر لە ناوبردنی ئابوورییەکەمان."

سەرۆک ترامپ دەڵێت یەکێک لە هۆکارەکانی سەپاندنی باجی گومرگ بەسەر ئەو سێ وڵاتەدا ئەوەیە کە ئەوان کاری تەواوییان نەکردووە بۆ ڕاگرتنی هاتنی کۆچبەرانی نایاسایی و دەرمانی فینتانیڵ بۆ ئەمەریکا.

بەکاربەرانی ئەمەریکائی لەوانەیە ڕووبەڕووی نرخی گرانتر ببنەوە چونکە ئەو کۆمپانیایانە باجی گومرگ دەدەن بە حکومەتی فیدراڵی بۆ هاوردەکردنی کاڵا لە وڵاتانی دیکەوە، بەلایەنی کەمەوە بەشێک لە تێچووە گرانەکانییان لەسەر بەکاربەران حساب دەکەن، لە جیاتی ئەوەی خۆیان خەرجییە زیادەکانیان بدەن.

ڕۆژی یەکشەممە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ترامپ زۆربەی لێدوانەکانی ئاڕاستەی کەنەدا کرد و یەکێک لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی ئەمەریکای کردە ئامانج. دەزگای سەرژمێری ئەمەریکا دەڵێت ساڵی ڕابردوو ئەمەریکا 55 ملیار دۆلار کورتهێنانی بازرگانی لەگەڵ کەنەدا هەبووە.

سەرۆک ترامپ وتی "بۆچی؟ هیچ هۆکارێک نییە". ئێمە پێویستمان بە هیچ شتێک نییە کە هەیانە. ئێمە وزەی بێسنوورمان هەیە، دەبێت ئۆتۆمبێلی خۆمان دروست بکەین، و تەختەی زیاترمان هەیە لەوەی بتوانین بەکاری بهێنین."

وتی " بەبێ ئەم یارمەتییە زۆرە، کەنەدا وەک وڵاتێکی گونجاو نامێنێت. ڕەقە بەڵام ڕاستە! کەواتە، کەنەدا دەبێت ببێتە 51 مین ویلایەتی خۆشەویستمان. باجی زۆر کەمتر و پاراستنی سەربازیی زۆر باشتر بۆ خەڵکی کەنەدا و گومرگیشی نییە!"

وتیشی " کەنەدا و مەکسیک و چین و زۆر وڵاتی دیکە، بەردەوامن لە دزیکردنە دەیان ساڵەکەیان لە ئەمەریکا، لە ڕووی بازرگانی و تاوان و لە ڕووی دەرمانی ژەهراویشەوە کە ڕێگەیان پێدراوە بە ئازادی بچنە ناو ئەمەریکاوە. ئەو ڕۆژانە بەسەرچوون!"

وتیشی لەگەڵ باجی گومرگی نوێدا " ئایا بە ئازار دەبێت؟ بەڵێ، لەوانەیە و لەوانەش بە ئازار نەبێت، بەڵام ئێمە ئەمەریکا دووبارە مەزن دەکەینەوە، هەموو ئەمانە شایەنی ئەو نرخە دەبن کە دەبێت بدرێت."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG