کۆشکی سپی ڕایگەیاند سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی یەکشەممە بڕیارێکی دەرکردووە کە باجی گومرگ بە ڕێژەی لە سەدا 25 دەخاتە سەر ئەو شتومەکانەی کە لە کەنەدا و مەکسیکەوە هاوردە دەکرێن و لە سەدا 10 لەسەر ئەو شتومەکانەی کە لە چینەوە هاوردە دەکرێن.
وتەبێژی کۆشکی سپی کارۆلین لیڤیت وتی " کەنەدا و مەکسیک ڕێگەیان بە داگیرکارییەکی بێپێشینەی دەرمانی فێنتانیڵ داوە کە هاووڵاتییانی ئەمەریکایی دەکوژێت، هەروەها ڕێگەیان داوە کۆچبەری نایاسایی بێنە وڵاتەکەمانەوە."
لە کاتێکدا کە شتومەکەکانی کەنەدا لە سەدا 25 باجی گومرگییان دەخرێتەسەر، سەرۆک ترامپ وتی بە ڕێژەی لە سەدا 10 باجی گومرگ دەخاتە سەر نەوتی خاوی کەنەدی.
بەپێی بڕیارەکە، دەکرێت ڕێژەی باجەکە زیاد بکرێت ئەگەر ئەو وڵاتانە تۆڵە بکەنەوە.
مەکسیک و کەنەدا درەنگانێکی ڕۆژی شەممە وەڵامییان دایەوە و چینیش ڕۆژی یەکشەممە سەرکۆنەی بڕیارەکەی سەرۆک ترامپی کرد، بەڵام ئەگەری گفتوگۆی بە کراوەیی هێشتەوە بۆ خۆبەدوورگرتن لە خراپتربوونی دۆخەکە.
سەرۆکی مەکسیک کلاودیا شاینباوم فەرمانی کرد بە تۆڵەکردنەوە لە ڕێی سەپاندنی باجی گومرگەوە وەکو وەڵامێک بۆ جووڵەکەی ئەمەریکا، وتی حکومەتەکەی گفتوگۆی پێباشترە بەڵام ناچار بووە وەڵام بداتەوە.
وتی " فەرمانم بە وەزیری ئابووری کردووە پلانی بی جێبەجێ بکات کە کارمان لەسەر کردووە، ڕێوشوێنی باجی گومرگ و باجی نا گومرگ لە خۆدەگرێت وەکو بەرگریکردنێک لە بەرژوەندییەکانی مەکسیک."
ڕۆژی شەممە سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ وتی کەنەدا وەڵامی ئەمەریکا دەداتەوە بە سەپاندنی لە سەدا 25 باجی گومرگ لەسەر شتومەکی ئەمەریکایی، وتی باجەکە بەسەر 155 ملیار دۆلار بەهای شتومەکی ئەمەریکاییدا جێبەجێ دەکرێت.
چینیش سەرکۆنەی بڕیارەکەی ئەمەریکای کرد و وتی لە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانیدا ڕووبەڕووی ئەو بڕیارە دەبێتەوە و " ڕێوشوێن دەگرینەبەر بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانمان."
سێیەکی ئەو شتومەکانەی کە دێنە ئەمەریکاوە یاخود لەلایەن ئەمەریکاوە دەکڕدرێن لە چین و مەکسیک و کەنەداوە هاوردە دەکرێن. هەندێک لە ئابووریناسان دەڵێن ئەو بڕیارە ڕەنگە کاریگەریی پێچەوانەیی هەبێت.
براد سێتسەری ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکان وتی هاوردەکان لە مەکسیک و کەنەداوە نزیکەی لە سەدا 3 ی داهاتی بەرهەمی ناوخۆی ئەمەریکا پێکدەهێنن، هاوکات هەناردەکردن لە ئەمەریکاوە بۆ ئەو وڵاتانە لە سەدا 2.5 ی داهاتی بەرهەمی ناوخۆ پێکدەهێنن.
سێتسەر بە دەنگی ئەمەریکای وت سەپاندنی باجی گومرگ بە ڕێژەی لە سەدا 25 بەسەر مەکسیک و کەنەدادا دەگاتە ئاستی " بەرزکردنەوەی باج لەسەر ئەو شتومەکانەی کە لەو وڵاتانەوە هاوردە دەکرێن و ئەوەش کاریگەرییەکی نەرێنی دەستبەجێی دەبێت لەسەر ئابووری ئەمەریکا. ئەوە ستراتیژییە بۆ کەمکردنەوەی ئابووری ئەمەریکا."
سەرۆک ترامپ لە مێژە هەڕەشەی سەپاندنی باجی گومرگی کردووە بۆ فشار خستنەسەر ئەو وڵاتانە تاوەکو یارمەتی بەڕێوبەرایەتییەکەی بدەن لە ڕاگرتنی کۆچی نایاسایی و هاتنی دەرمانە کیمیاییەکاندا بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ ئەمەریکا کە بۆ بەرهەمهێنانی فینتانیڵ بەکاردەهێندرێن. هەروەها بەڵێنیداوە باجی گومرگ بەکاربهێنێت بۆ بەهێزکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆ و وتوویەتی کە بەکارهێنانی باجی گومرگ ئامڕازێکی کاریگەرە بۆ سیاسەتی ئابووری.
سێتسەر وتی " ترامپ باوەڕای وایە کە باجی گومرگ سەرچاوەیەکی گەورەی کاریگەرییە و کەنەدا و مەکسیک قایل دەکات سازشی گەورەی بۆ بکەن لە ژێر باجەکاندا. بەڵام ئەم ڕێوشوێنانە باجێکی گەورەیان دەبێت لەسەر ئەمەریکا."
سەرۆک ترامپ دانی بەوەداناوە کە باجەکان ڕەنگە ببنە هۆی " تێکدانێکی کاتی " بۆ کڕیاران، بەڵام وتی کە لە ماوەیەکی درێژخایەندا سوودییان دەبێت بۆ بەرهەمهێنان لە ئەمەریکادا.
وتی " باجی گومرگ نابێتە هۆی هەڵاوسانی ئابووری، باجی گومرک دەبێتە هۆی سەرکەوتن."
سەرۆک ترامپ ڕۆژی هەینی بەڵێنیدا باجی گەورەی گومرگ بخاتە سەر نیمچەگەیەنەرەکان و دەرمان و پۆڵا و ئەلەمنیۆم و نەوت و گاز.
هەروەها وتووشییەتی کە " بە دڵنیاییەوە " باجی گومرگ دەخاتە سەر ئەو شتومەکانەی کە لە یەکێتی ئەوروپاوە هاوردەی ئەمەریکا دەکرێن. وتی " ئەوان زۆر بە خراپی مامەڵەمان لەگەڵدا دەکەن."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا