وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە دووەم ڕۆژ و کۆتا ڕۆژی سەردانەکەیدا بۆ چین لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە شی جین پینگدا کۆبووەوە، کۆتایی بە گەشتێکی دەگمەن هێنا بۆ پەکین کە ئامانج لێی دڵنیابوونەوە بوو لەوەی کە ناکۆکییە زۆرەکانی نێوان دوو وڵاتە پەل نەکێشن بۆ ململانێ.
لە ساڵی 2018 ەوە ئەمە یەکەمین جارە وەزیرێکی دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی چین بکات، سەرۆکی چین لە هۆڵی مەزنی گەل پێشوازی لە بلینکن کرد.
کۆبوونەوەکەی بلینکن لەگەڵ شیدا دەکرێت ڕێگە خۆش بکات لەبەردەم کۆبوونەوەیەکی شی و سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا دواتر لەم ساڵدا.
شی لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا وتی " هەردوولا گفتوگۆیەکی ڕاشکاو و چڕییان ئەنجامداوە."
شی بە بلینکنی وت " جەنابی وەزیر هیوادارم لە ڕێی ئەم سەردانەوە بتوانیت بە شێوەیەکی ئەرێنی یارمەتیدەر بیت لە جێگیرکردنی پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمەریکادا."
لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕۆژی دووشەممەدا بلینکن گفتوگۆیەکی دورودرێژی لەگەڵ دیبلۆماتکاری باڵای چین وانگ ییدا ئەنجامدا، ڕۆژی یەکشەممەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین چن کانگدا کۆبووەوە.
بلینکن لە ماوەی کۆبوونەوە سێ کاتژمێرییەکەیدا لەگەڵ وانگ یی جەختی لە گرنگی هێشتنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتەکە کردۆتەوە بە کراوەیی، ئەوەش بەمەبەستی مامەڵەکردن لەگەڵ کێبڕکێکەیاندا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی کۆبوونەوەکە " سوودی هەبووە."
وانگ ئاماژەی بەوە داوە پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمەریکا لە نزمترین ئاستدان و وتوویەتی ڕەگ و ڕیشەی کێشەکە " پێشبینی هەڵەی ئەمەریکایە " بۆ چین.
وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکدا وتی وانگ لە کۆبوونەوەکەدا بە بلینکنی وتووە " دەبێت ڕەفتارێکی بەرپرسانەمان هەبێت بەرامبەر گەل و مێژوو و جیهان، هەروەها ئاڕاستەی خراپی پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمەریکا پێچەوانە بکەینەوە."
بەپێی دەزگای ڕاگەیاندنی چین، وانگ داوای لە ئەمەریکا کردووە گومانی هەڕەشە لە چین نەکات و دەستبەرداری " سەرکوتکردنی " گەشە زانستی و تەکنەلۆجیاکانی چین ببێت، هەروەها خۆی بە دووربگرێت لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی چیندا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
بلینکن لەگەڵ سەرۆکی چیندا کۆدەبێتەوە
