لە یەکەمین سەردانی وەزیرێکی دەرەوەی ئەمەریکادا بۆ چین لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن گەیشتە چین و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا دەستپێکرد، ئەمەش لە نێوەندی پەیوەندییە خراپەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.
بلینکن بڕیار بوو لە مانگی دووی ئەم ساڵدا سەردانی چین بکات، بەڵام بەهۆی ئەو باڵۆنە سیخوڕییەی چینەوە کە بەسەر ئاسمانی ئەمەریکادا فڕی سەردانەکەی بۆ چین هەڵوەشاندەوە. لە دوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنەوە لە مانگی یەکی ساڵی 2021 دا، بلینکن باڵاترین دیبلۆماتکاری حکومەتی ئەمەریکایە سەردانی چین بکات.
وەزیری دەرەوەی چین چن گانگ پێشوازی لە بلینکن و هاوەڵەکانی کرد، چن هەواڵی بلینکنی پرسی سەبارەت بە گەشتە دوورودرێژەکەی لە ئەمەریکاوە. دواتر لەبەردەم ئاڵای ئەمەریکا و چیندا تەوقەیان کرد.
دواتر بەرەو ژووری کۆبوونەوەکە ڕۆیشتن، بلینکن و چن هیچ لێدوانێکییان بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانە نەدا کە بۆ ماوەیەکی کورت ڕێگەیان پێدرا بێنە ژوورەکەوە.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی چین هوا چونینگ کە ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت، لە تویتەر وێنەی چن و بلینکنی بڵاوکردۆتەوە و نوسیویەتی " هیوادارم ئەم کۆبوونەوەیە یارمەتیدەر بێت لە گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی چین و ئەمەریکا بۆ سەر ئەو ئاڕاستەیەی کە دوو سەرۆکەکان لە بالی ڕێککەوتبوون لەسەری."
بلینکن لە ماوەی مانەوەیدا لە چین پێشبینی دەکرێت لەگەڵ دیبلۆماتکاری باڵای چین وانگ یی و سەرۆکی چین شی جینپینگیشدا کۆببێتەوە.
لە هەفتەی ڕابردووەوە بەرپرسانی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەدەن پێیان وانییە سەردانەکە ببێتە هۆی چارەسەرێکی گەورە بۆ کێشەکان، بەڵام وتوویانە ئامانجی سەرەکی بلینکن ئەوەیە کەناڵێکی پەیوەندیی کراوە و بەرگەگر لەگەڵ چیندا دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی ڕکابەرییە ستراتیژییەکەی نێوان دوو وڵاتەکە پەلنەکێشێت بۆ ململانێ.
بەرپرسانی ئەمەریکا و شیکەرەوە سیاسییەکان پێیان وایە سەردانەکەی بلینکن ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ کۆبوونەوەی زیاتری نێوان دوو وڵاتەکە لە مانگەکانی داهاتوودا، لەوانەش، ئەگەری سەردانی وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین و وەزیری بازرگانی ئەمەریکا جینا ڕایمۆندۆ بۆ چین.
سەبارەت بە ڕووداوی باڵۆنەکە لە مانگی دوودا، ڕۆژی یەکشەممە سەرۆک بایدن وتی پێی وانییە سەرکردایەتی چین زۆر ئاگاداریی باڵۆنەکە بووبێتن یاخود ئەوەی باڵۆنەکە چی کردووە، هاوکات وتی هیوادارە بەمزووانە لەگەڵ سەرۆکی چیندا کۆببێتەوە.
سەرۆک بایدن وتی " هیوادارم لە ماوەی چەند مانگێکی دیکەدا دووبارە لەگەڵ شیدا کۆببمەوە و باس لە ناکۆکییە ڕەواکانی نێوانمان بکەین، بەڵام باس لەوەش بکەین کە چەندین بوار هەن کە دەتوانین ڕێکبکەوین لەسەرییان."
لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا لە ماوەی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیستدا لە دوورگەی بالی ئیندۆنیسیا، بایدن و شی بۆ یەکەمین جار ڕاستەوخۆ چاوییان بەیەکتر کەوت و کۆبوونەوە، باسییان لە پرسەکانی تایوان و کۆریای باکوور کرد و بەڵێنیاندا پەیوەندی بەردەوامی زیاترییان هەبێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز