وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری دەرەوەی چین چن کانگ لە پەکین کۆبوونەوە و هەردوولا ئاماژەیان بەوەدا گفتوگۆیەکی ڕاشکاو و بونیاتنەرییان لەسەر پرسەکانی تایوان و بازرگانی و چەند پرسێکی دیکە ئەنجام داوە، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێکی بەرچاو واژۆ نەکراوە و تەنها ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامیدان بە گفتوگۆکانی نێوانییان.
دوابەدوای کۆبوونەوەکەی نێوان بلینکن و چن، بەرپرسانی ئەمەریکا و چین جەختییان لە ئارەزووی خۆیان کردەوە بۆ پەیوەندییەکی جێگیر و پێشبینیکراو، بەڵام چین سوور بووە لەسەر ئەوەی تایوان گرنگترین پرسە.
لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا ئەمە یەکەمین جارە وەزیرێکی دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی چین بکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی بلینکن لە میانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین چن کانگدا جەختی لە " پێویستییەکان کردۆتەوە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی بە هەڵە لە یەک تێگەیشتن و بە هەڵە لێکدانەوە."
دەزگای ڕاگەیاندنی چین بڵاویکردەوە " چن کانگ ئاماژەی بەوە داوە پرسی تایوان ناوەڕۆکی بەرژەوەندییەکانی چینە، گرنگترین پرسە لە پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمەریکادا، هەروەها مەترسییەکی هەمیشەییە."
پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوانییانەوە لە ئاستێکی خراپدایە و ئەوەش نیگەرانی دروست کردووە لەسەر ئەوەی لەوانەیە ڕۆژێک بێت دوو وڵاتەکە لەسەر تایوان بکەونە شەڕەوە. چین تایوان بە خاکی خۆی دەزانێت و تایوانیش دەسەڵاتی چین بەسەریدا ڕەت دەکاتەوە.
چین و ئەمەریکا هەردووکیان ئاماژەیان بەوەدا گفتوگۆکان سوودییان هەبووە، وتەبێژێکی ئەمەریکا وتی گفتوگۆکان " ڕاشکاو و بابەتی و بونیادنەر بوون." دەزگای ڕاگەیاندنی چینیش گفتوگۆکانی بە " ڕاشکاو و بونیادنەر " ناوبرد.
بەڵام جگە لەوەی چن دەبێت سەردانی واشنتن بکات بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان، لەسەر هیچ شتێکی دیکە ڕێکنەکەوتوون.
بەڵام هەردوولا جەختییان لە گرنگی ئەوە کردەوە کە گەشتی هاووڵاتیانییان بۆ وڵاتانی یەکتر ئاسانتر بکەن، دەزگای ڕاگەیاندنی چین وتی هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر تاوتوێکردنی زیادکردنی گەشتەکان و وەرگرتنی خوێندکار و خاوەن کاری زیاتر.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
وتووێژی نێوان بلینکن و کاربەدەستانی چین
