Accessibility links

ئەمەریکا و کوردەکان دەڵێن هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا زیان بە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش دەگەیەنن


کوردەکان لە دەوری زرێپۆشێکی ئەمەریکایی کۆبوونەتەوە لە کاتی خۆپیشاندانێکدا دژی هەڕەشەکانی تورکیا لە ناوجەرگەی شارۆچکەی سەرێ کانی لە پارێزگای حەسەکەی نزیک سنووری تورکیا، 6ی 10ی ساڵی 2019
کوردەکان لە دەوری زرێپۆشێکی ئەمەریکایی کۆبوونەتەوە لە کاتی خۆپیشاندانێکدا دژی هەڕەشەکانی تورکیا لە ناوجەرگەی شارۆچکەی سەرێ کانی لە پارێزگای حەسەکەی نزیک سنووری تورکیا، 6ی 10ی ساڵی 2019

بەرپرسانی سەربازیی ئەمەریکا و کوردەکان دەڵێن هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا و هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زەمینی تورکیا بۆ سەر باکووری سوریا کاریگەرییان هەبووە لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و کوردەکانی سوریا دژی چەکدارانی ڕێکخراوی توندڕەوی داعش.

فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا مەزڵوم عەبدی بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا دژ بە ڕێکخراوی داعش " بە شێوەیەکی کاتی " ڕاگیراون، ئەوەش بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمدواییانەی تورکیاوە دژی هێزەکانیان لە باکووری سوریا. وتیشی ئەو دەستکەوتانەی کە تاوەکو ئێستا لە شەڕەکەدا دژی داعش بە دەست هاتوون ڕەنگە " لە مەترسیدا بن."

هاوکات ڕۆژی سێشەممە بە هەمان شێوە وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ژەنەەڕاڵی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا پاتریک ڕایدەر بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەمەریکا ژمارەیەک لە " ئەرکە هاوبەشەکانی" لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتدا ڕاگرتووە.

ڕایشیگەیاند " ئەوان ژمارەی ئەو ئێشکگرییانەی ئەنجامییان دەدا کەمییان کردوونەتەوە، ئەوەش پێویستی کردووە لەسەرمان ئێشکگرییەکانمان کەم بکەینەوە."

ژەنەڕاڵ ڕایدەر لە درێژەی لێدوانەکیدا سەبەرەت بە جێگیرکردنەوەی هێزەکانیان گوتی " هێزەکانمان دووبارە جێگیر نەکردۆتەوە. بەردەوام سەنگ دەخەینە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ڕێکخراوی داعش."

ڕۆژی شەممە سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند دوو موشەک بنکەکانی هێزەکانی هاوپەیمانانیان لە شارۆچکەی شەدادەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کردۆتە ئامانج، بەڵام " هیچ زیانێکی گیانی یاخود ماددییان لێنەکەوتۆتەوە."

مەزڵوم عەبدی ئاماژەشی بەوەدا لێدوانەکانی بەرپرسانی تورکیا و ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەدەن ئەنقەرە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی و داوای لە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دیکە کرد هەڵوێستێکی توندترییان هەبێت بەرامبەر ئەو جۆرە جووڵەیە.

لە کاتێکدا کە ئەمەریکا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی دیکە ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە هێرشی زەمینی تورکیا و داوای کەمکردنەوەی گرژییەکانیان کردووە، مەزڵوم عەبدی دەڵێت بەیاننامەکان " ئەوەندە بەهێز نین تورکەکان ناچار بکەن ئەم هێرشە ئەنجام نەدەن."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG