Accessibility links

هەسەدە: ئەگەر ڕووسیا هەروا بێ هەڵوێست بمێنێت پەیوەندیمان لەگەڵیدا دەگۆڕێت


نەورۆز ئەحمەد، ئەندامێکی فەرماندەیەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (وێنەی ئەرشیف)
نەورۆز ئەحمەد، ئەندامێکی فەرماندەیەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (وێنەی ئەرشیف)

ئەندامێکی فەرماندەیەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند لە ئامادەباشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی زەمینی تورکیا، داواشی لە ڕووسیا کرد لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە بێ هەڵوێست نەبێت.

نەورۆز ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ڕێگەی زوومەوە باسی لە دۆخی ناوچەکانیان کرد لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا.

نەورۆز ئەحمەد
نەورۆز ئەحمەد

سەبارەت بە پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا لە بارەی ئەگەری هێرشی زەمینی تورکیا، نەورۆز ئەحمەد وتی هەتا ئێستا جموجۆڵێکی گەورە نییە لەلایەن تورکیاوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەمینی، بەڵام تورکیا کاتێکی زۆری ناوێت بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ هێرشێکی لەو جۆرە. جەختی کردەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەو هەڕەشانە بە جدی وەردەگرن و ئامادەن وەڵامی هەر هێرشێک بدەنەوە.

لە وەڵامی بۆ پرسیارێکی دیکەی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە هەڵوێستی ڕووسیا لە بەرامبەر هەڕەشەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی لەشکری بۆ سەر کۆبانی و ڕۆژئاوای ڕووباری فورات و مەنبج و شەهبا کە ڕووسیا لەو ناوچانە دەسەڵاتی هەیە، نەورۆز ئەحمەد وتی وتووێژ لەگەڵ ڕووسیا و حکومەتی دیمەشق بەردوامە سەبارەت بەو ناوچانە تاوەکو هەڵوێستێکی هاوبەش هەبێت لە دژی هێرشەکان.

هوشداری ئەوەی دا ئەگەر بێت و تورکیا هێرش بکات و ڕووسیا و ڕژێمی سوریا بێ دەنگ بن یان بکشێنەوە، ئەوا شێوازی پەیوەندییەکانمان لەگەڵیاندا دەگۆڕێت و بوونی ڕووسیا و ڕژێم لەسەر زەوی ناوچەکەش دەگۆڕێت، بەو پێیەی هاوسەنگی لە ناوچەکە نامێنێت. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد شەڕەکە تەنیا لە یەک ناوچەدا نامێنێتەوە.

ئەم ئەندامەی فەرماندەیەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە درێژایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی سەرنجی ڕۆژنامەوانانی ڕاکێشا بۆ مەترسییەکانی هێرشی زەمینی تورکیا و وتی دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی دانیشتوانی ناوچەکە و ئارامی و ئاسایش لە ناوچەکەدا نامێنن و 5 ملیۆن کەس کە لەو ناوچانەدا دەژین دەکەونە دۆخێکی مەترسیدارەوە.

لە لایەکی دیکە فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە لێدوانێکی تایبەت بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی تورکیا لە 20 ی مانگی یازدەوە ڕۆژانە بە سەدان گولـلەی تانک و بە بۆردومانی فڕۆکە لە ناوچەکانیان دەدات، بەمەش زیان کەوتووە بە ژێرخانی هەرێمەکە و سەرچاوەی وزە و کارەبا و نەخۆشخانەکان.

فەرهاد شامی باسی لەوەش کرد کە بە ناچاری چالاکییەکانیان لە دژی داعش ڕاگرتووە، بۆیە ڕەنگە داعش سوود لەم دۆخە وەربگرێت و خۆی لە ڕەققە و دێرزور زیندووبکاتەوە.

XS
SM
MD
LG