Accessibility links

کوردانی سوریا دەڵێن ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی داعش ڕاگرتووە


فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات مەزڵوم عەبدی
فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات مەزڵوم عەبدی

فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات مەزڵوم عەبدی دەڵێت ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی ڕێکخراوی داعش ڕاگرتووە، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری سوریا.

فەرماندەکەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت بە ڕۆژنامەنووسانی وت دوای نزیکەی هەفتەیەک لە هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری سوریا، ئەنقەرە ئێستا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی. وتی هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت ئامادەکاری دەکەن بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکاندا.

وتیشی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمدواییانەی تورکیا بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە ژێرخانی هەرێمەکە.

مەزڵوم عەبدی ئاماژەشی بەوەدا تورکیا سوودی لە تەقینەوە کوشندەکەی 13 ی مانگی یانزەی ئیستەنبوڵ وەرگرتووە کە ئەنقەرە کوردەکانی بە بەرپرس لەو هێرشە داناوە. هێزە کوردییەکان ڕەتییان کردۆتەوە دەستیان هەبووبێت لەو هێرشەی ئیستەنبوڵدا کە بووە هۆی کوژرانی شەش کەس و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە.

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا تورکیا کۆمەڵێک هێرشی ئاسمانی کردۆتە سەر هێزە کوردییەکان لە سوریا و عێراقدا، وەکو وەڵامێک بۆ هێرشەکەی ئیستەنبوڵ.

مەزڵوم عەبدی وتی " ئەو هێزانەی کە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا دژی داعش شەڕ دەکەن، ئێستا ئامانجی دەوڵەتی تورکیان و لەبەر ئەوە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ڕاگیراون. ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش ڕاگیراون."

لێدوانەکانی عەبدی چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات سوپای ئەمەریکا وتی دوو موشەک هێزەکانی هاوپەیمانانی لە بنکەکانی شارۆچکەی شەدادەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کردۆتە ئامانج، بەڵام هیچ " زیانێکی گیانی یاخود ماددی بە بنکەکە یاخود بە موڵکی هاوپەیمانان نەکەوتووە."

بەیاننامەکەی سوپای ئەمەریکا دەڵێت چەکدارانی هێزەکانی سوریای دیموکرات سەردانی شوێنی کەوتنە خوارەوەی موشەکەکەیان کردووە و سێیەمین موشەکییان دۆزیوەتەوە کە نەتەقیبۆوە.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەڕیتانیاوە و چاودێری شەڕی سوریا دەکات، بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕۆژی هەینی سەر بنکە سەربازییەکەی ئەمەریکای خستە سەر ئەستۆی شانە نووستووەکانی داعش.

وتەبێژی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا کۆلۆنێڵ جۆو بوچینۆ وتی " هێرشی لەم جۆرە هێزەکانی هاوپەیمانان و دانیشتوانی مەدەنی دەخەنە مەترسییەوە و ئەو بەرەوپێشچوونانەی کە لە سوریا و ناوچەکەدا کراون لە ڕووی ئاسایش و سەقامگیرییەوە دەخەنە مەترسییەوە."

شەوی هەینی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بەیاننامەیەکدا وتی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بەسەر کامپی ئەل هۆلدا فڕیون کە دەیان هەزاران منداڵ و خێزانی داعشییان تێدایە، هەندێک لە ئەندامانی خێزانەکانی داعش هێرشییان کردۆتە سەر هێزەکانی ئاسایش و توانیویانە لە کامپەکە هەڵبێن. بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا چەند کەس لە کامپەکە هەڵاتوون، بەڵام وتی دواتر دەستگیرکراونەتەوە.

هێزە کوردییەکان زیندانەکانی سەرانسەری باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەدەبەن کە نزیکەی 10,000 چەکداری داعشییان تیادا بەندکراوە. لە نێو زیندانییەکاندا نزیکەی 2000 بیانییان تێدایە کە وڵاتەکانیان ڕەتیان کردۆتەوە وەریانبگرنەوە، 800 ئەوروپیشیان تێدایە.

XS
SM
MD
LG