Accessibility links

ڕووسیا و چین لەم هەفتەیەدا مەشقێکی سەربازیی دەریایی ئەنجام دەدەن


وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت ڕووسیا و چین مەشقێکی دەریایی هاوبەش ئەنجام دەدەن کە لە 21 ی مانگی دوانزەوە دەستپێدەکات و 27 ی هەمان مانگ کۆتایی دێت.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند مەشقە دەریاییە هاوبەشەکەی کە لە ساڵی 2012 ەوە ساڵانە ئەنجام دەدرێت، لە دەریای ڕۆژهەڵاتی چین بەڕێوەدەچێت موشەک و تۆپهاوێژی تێدا دەبێت.

وتیشی " مەبەستی سەرەکی لە مەشقەکان پتەوکردنی هاریکارییە دەریاییەکانی نێوان ڕووسیا و چینە، هاوکات بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەی ئاسیا پاسێفیکە."

لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە مانگی دوودا لە ئۆکرانیا، ڕووسیا هەوڵی زیادکردنی پەیوەندییە سیاسیی و ئاسایشی و ئابوورییەکانی لەگەڵ چیندا داوە و پێی وایە سەرۆکی چین شی جینپینگ هاوپەیمانی سەرەکی ڕووسیایە دژی هاوپەیمانێتی ڕۆژئاوا.

چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا، دوو وڵاتەکە هاوبەشییەکی ستراتیژی " بێسنوورییان " ڕاگەیاند، بەڵام پەکین لەو کاتەوە نیگەرانی دەربڕیوە سەبارەت بە کارەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

ڕووسیا وتی چوار لە کەشتییەکانی بەشداری لە مەشقەکەدا دەکەن، بە کەشتی موشەک هاوێژی ڤاریاگیشەوە، هاوکات شەش کەشتی چینیش بەشداری دەکەن و فڕۆکە و کۆپتەرییش لە هەردوولاوە بەشدار دەبن.

بڕیارە ڕۆژی دووشەممە کەشتییەکانی ڕووسیا لە بەندەری ڤلادیڤۆستۆکی ڕۆژهەڵاتی ڕووسیاوە بەڕێبکەون بۆ بەشداریکردن لە مەشقەکەدا کە ڕۆژی چوارشەممە دەستپێدەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG