Accessibility links

ئۆکرانیا گەنم ڕەوانەی وڵاتانی هەژار دەکات


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە یادی 90 ساڵەی هۆڵۆدۆمۆر یاخود برسێتی گەورەدا میوانداری کۆبوونەوەیەکی کرد لە کیێڤی پایتەخت، هاوکات دەستپێشخەرییەکی ئۆکرانیای ڕاگەیاند بۆ ڕەوانەکردنی گەنمی ئۆکرانیا بۆ ئەو وڵاتانەی کە بەهۆی وشکەساڵییەوە برسێتی ڕووی تێکردوون.

هۆڵۆدۆمۆر برسێتییەکی دەستکرد بوو کە لە زستانی ساڵی 1932-33 دا لەلایەن جۆزێف ستالینی سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەتەوە دروستکرا و لەو ماوەیەدا نزیکەی 8 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانی گیانیان لە دەستدا.

زێلێنسکی یادەکەی بەکارهێنا بۆ جەخت کردنەوە لە پابەندبوونی ئۆکرانیا بە هەناردەکردنی گەنم و بەرهەمە خۆراکییەکانی دیکەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان. گوتی " ئەمە تەنها قسە نابێت."

زێلێنسکی گوتی " بە گشتی، بەپێی پڕۆگرامی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا، تاوەکو کۆتایی بەهاری ساڵی داهاتوو پلانمان هەیە لانیکەم 60 کەشتی لە بەندەرەکانمانەوە ڕەوانە بکەین، لانیکەم 10 کەشتی لە مانگێکدا، بۆ ئەو وڵاتانەی کە مەترسی برسێتی و وشکەساڵییان لەسەرە، لەوانەش ئیسیوپیا و سودان و باشووری سودان و سۆماڵ و یەمەن و کۆنگۆ و کینیا و نایجیریا."

دەستپێشخەرییەکە لەسەر ئەو ڕێککەوتنە دەبێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی کردووە بۆ ڕێگەدان بە هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا لە ڕێی دەریای ڕەشەوە. کرێملن وتوویەتی گەنمەکەی ئۆکرانیا نەگەیشتۆتە ئەو وڵاتانەی کە زۆر پێویستییان پێیەتی.

زێلێنسکی گوتی کیێڤ نزیکەی 150 ملیۆن دۆلاری لە زیاتر لە 20 وڵات و یەکێتی ئەوروپاوە کۆکردۆتەوە بۆ هەناردەکردنی گەنم بۆ ئەو وڵاتانەی مەترسییان لەسەرە.

سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا دێنیس شمیهال گوتی ئۆکرانیا سەرەڕای قەیرانە داراییەکەی خۆی، 24 ملیۆن دۆلاری تەرخان کردووە بۆ کڕینی دانەوێڵە بۆ ئەو وڵاتانەی پێویستییانە.


XS
SM
MD
LG