Accessibility links

ئۆکرانیا: بۆردومانەکانی ڕووسیا بوونەتە هۆی کوژرانی 32 کەس لە خێرسۆن


بەرپرسی پۆلیسی ئۆکرانیا دەڵێت لە دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری خێرسۆنی باشووری ئۆکرانیاوە، بەهۆی بۆردومانەکانی ڕووسیاوە بۆ سەر شارەکە لانیکەم 32 کەس کوژراون.

لە 11 ی مانگی یانزەدا هێزەکانی ڕووسیا کشانەوەیان لە شاری خێرسۆن تەواو کرد، ئەوەش دوای نۆ مانگ لە داگیرکردنی شارەکە. لە ئێستادا هێزەکانی ڕووسیا لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دنیپرۆ جێگیر بوون، لەوێشەوە بەردەوام بۆردومانی خێرسۆنییان کردووە.

بەرپرسی پۆلیسی نیشتیمانی ئۆکرانیا ئیهۆر کلیمینکۆ گوتی " بۆردومانە ڕۆژانەییەکانی ڕووسیا شارەکە کاول دەکەن و دانیشتوانی ئاشتیخوازی ناوچەکە دەکوژن، تاوەکو ئێستا لە دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارەکەوە ڕووسیا 32 هاوڵاتی مەدەنی لە هەرێمی خێرسۆن کوشتووە."

گوتیشی " زۆرێک لە خەڵکەکە شارەکە جێدەهێڵن و هەوڵی پەنابەرێتی دەدەن لە هەرێمە هێمنترەکانی وڵاتەکە. بەڵام زۆرێک لە دانیشتوان لە ماڵەکانی خۆیاندا ماونەتەوە، ئێمەش دەبێت ئاسایشی تەواوییان بۆ دابین بکەین."

کلیمینکۆ ئاماژەشی بەوەدا لێکۆڵەرەوان تاوەکو ئێستا 578 حاڵەتییان لە هەرێمەکەدا تۆمار کردووە کە وەکو خۆی دەڵێت تاوانی جەنگن و لەلایەن هێزەکانی ڕووسیا و هاوبەشەکانیانەوە ئەنجام دراون. مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە هێزەکانی هاوڵاتیانی مەدەنییان کردبێتە ئامانج.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG