Accessibility links

ئۆکرانیا: بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ڕووسیاوە سێ کەس لە خارکیڤ کوژران


فەرمانڕەوای هەرێمی خارکیڤ دەڵێت بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ڕووسیاوە بۆ سەر شارۆچکەی چوهویڤی هەرێمی خارکیڤ سێ کەس کوژران، لەنێویشیاندا ژنێکی تەمەن 70 ساڵی تێدا بووە، هەروەها سێ کەسی دیکەش برینداربوون.

فەرمانڕەوای هەرێمی خارکیڤ ئۆلی سینیهوبۆڤ و پۆلیس دەڵێن هێرشەکە زیانی گەیاندووە بە بینایەکی نیشتەجێبوونی دوو نهۆمی و قوتابخانەیەک و دوکانێک، تیمەکانی فریاکەوتنیش بە پاشماوەی بیناکاندا گەڕاون.

بەرپرسێکی پۆلیسی ناوخۆی هەرێمەکە گوتی ڕووسیا چوار موشەکی لە شاری بێلگۆرۆدی ڕۆژئاوای ڕووسیاوە بە ئاڕاستەی شارۆچکە ئۆکرانییەکە هەڵداوە.

ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە هاوڵاتیانی ئۆکرانیای کردبێتە ئامانج.

ڕۆژی هەینی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا گوتی تەنها لە سەدا 30 ی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا ئامانجە سەربازییەکان دەپێکن، ئەوانی دیکە بەسەر هاوڵاتیانی مەدەنیدا دەکەونە خوارەوە.

لەلایەکی دیکەوە فەرمانڕەوای هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسک، ڤالێنتین ڕێزنیچینکۆ و تیمەکانی فریاگوزاری بەپەلە وتیان بەهۆی بۆردومانەکانی ڕووسیاوە بۆ سەر شارۆچکەی نیکۆپۆلی باشووری ئۆکرانیا دوو کەس کوژراون.

تیمەکانی فریاگوزاری بەپەلە دەڵین کارمەندەکانیان لاشەی دوو کەسیان لە پاشماوەکاندا دەرهێناوەتەوە. ڕێزنیچینکۆش گوتی ڕووسیا 53 موشەکی گرادی ئاڕاستەی شارۆچکەکە کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG