Accessibility links

ئۆکرانیا: بەهۆی هێرشە موشەکییەکەی ڕووسیاوە بۆ سەر شاری ڤینیتسیا 12 کەس کوژران


خزمەتگوزاری بەپەلەی ئۆکرانیا دەڵێت بەهۆی هێرشە موشەکییەکانی ڕووسیاوە بۆ سەر ناوەڕاستی شاری ڤینیستیای ئۆکرانیا 12 کەس کوژراون، منداڵێکیشیان تێدا بووە، 25 کەسی دیکەش برینداربوون.

سەرۆکی پۆلیسی نیشتیمانی ئۆکرانیا ئیهۆر کلیمینکۆ وتی گەڕەکێک کە ئۆفیسەکانی تێدایە ڕاستەوخۆ لێیدراوە و ئەو بینایانەشی کە خەڵکییان تێدا دەژی لەو نزیکانە زیانییان بەرکەوتووە، ئەوەش بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی " بریندار و کوژراو هەن، لەنێویاندا منداڵێکی بچووک هەیە، ئەمە چییە، ئەگەر کردەوەیەکی ئاشکرای تیرۆریستی نەبێت؟"

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا تاوەکو ئێستا لێدوانی لەسەر هەواڵەکانی ڤینیتسیا نەداوە، ڕووسیا چەند جارێک ڕەتی کردۆتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئۆکرانیا کردبێتە ئامانج.

ڤینیستیا دەکەوێتە نزیکەی 200 کم باشووری ڕۆژئاوای کیێڤی پایتەختەوە، هەروەها دووریشە لە بەرەکانی پێشەوەی ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا.

خزمەتگوزاری بەپەلەی ئۆکرانیا وتی کاتژمێر 10:50 خولەکی بەیانی هێرشەکە پارکێکی ئوتومبێل و بینایەکی نۆ نهۆمی لە گەڕەکی ئۆفیسەکان کردۆتە ئامانج.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG