Accessibility links

ئۆکرانیا ڕووسیا بە تۆمەتی بەکارهێنانی وێستگەیەکی ناوەکی بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی کوشندە تۆمەتبار دەکات


ڕۆژی چوارشەممە ئۆکرانیا ڕووسیای بە تۆمەتی سوود وەرگرتن لە کۆنتڕۆڵکردنی وێستگەیەکی ناوەکی ئۆکرانیا و بەکارهێنانی بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی کوشندە بۆ سەر شارۆچکەیەکی نزیکی وێستگەکە تۆمەتبار کرد، لەو هێرشەدا لانیکەم 13 کەس کوژران و زۆرێکی دیکە برینداربوون.

ئەو شارۆچکەیەی کە ئۆکرانیا دەڵێت ڕووسیا هێرشی موشەکی کردۆتە سەر شارۆچکەی مارگانێتسە، یەکێکە لەو شوێنانەی کە مۆسکۆ دەڵێت لە ڕابردوودا دوژمنەکانی بەکارییان هێناوە بۆ بۆردومانکردنی سەربازانی ڕووسیا لە وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا. وێستگەکەش لە مانگی سێدا لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵکرا.

ئۆکرانیا و ڕووسیا یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر وێستگەکە کە گەورەترین کارخانەی ناوەکییە لە ئەوروپادا.

دوای ئەوە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەسەر ئەگەری کەوتنەوەی کارەساتێکی ئەتۆمی، ڕۆژی چوارشەممە وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت داوایان لە ڕووسیا کرد وێستگەکە ڕادەستی ئۆکرانیا بکاتەوە.

هیچ ئاماژەیەک نیە لەسەر ئەوەی ڕووسیا بەو داوایە ڕازی دەبێت، لەکاتێکدا کە ڕۆژی چوارشەممە چین پاڵپشتی خۆی بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا دەربڕی.

باڵیۆزی چین لە مۆسکۆ ژانگ هانهوی واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی ڕووسیای خستۆتە گۆشەیەکەوە بەوەی کە بەردەوام هاوپەیمانێتی سەربازیی ناتۆ فراوان دەکات و پشتیوانی لە یەکخستنی ئۆکرانیا دەکات لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا.

ژانگ گوتی " وەکو دەستپێکەر و هاندەری سەرەکی قەیرانەکانی ئۆکرانیا، واشنتن، لەکاتێکدا کە سزای بێپێشینە دەسەپێنێت بەسەر ڕووسیادا، بەردەوامیشە لە پێدانی چەک و کەلوپەلی سەربازیی بە ئۆکرانیا."

چین لەلایەکی دیکەشەوە کێشەی لەگەڵ ئەمەریکادا هەیە و کێشەکەیان لەسەر تایوانە. دوای ئەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا سەردانی تایوانی کرد، چین دەستیکردووە بە ئەنجامدانی مەشقی سەربازیی بێپێشینە لە نزیک تایواندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG