یەکێک لەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی هەوڵەکانی ڕووسیا بووەتەوە بۆ گرتنی دەسەڵات لەو ناوچانەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا کە داگیریکردوون، هێزەکانی گەریلاکانی سەر بە ئۆکرانیایان، کە بەرپرسانی سەر بە ڕووسیا دەکوژن و پرد و شەمەندەفەرەکان دەتەقێننەوە و یارمەتی سوپای ئۆکرانیا دەدەن لە ناسینەوە و دیاریکردنی ئامانجە گرنگەکاندا.
بڵاوبوونەوەی بەرهەڵستییەکانی ئۆکرانییەکان هەوڵەکانی کرێملنی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانە تێکداوە و مەترسی بۆ پلانەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دروست کردووە لەو شارانەدا کە داگیریکردوون.
ڕێکخەرێکی بزووتنەوەی گەریلاکان لە هەرێمی خێرسۆنی باشووری ئۆکرانیا ئاندری گوتی " ئامانجمان ئەوەیە ژیانی داگیرکەرە ڕووسیەکان بەشێوەیەک لێبکەین کە بەرگەی نەگرن و ئامڕازەکان بەکاردەهێنن بۆ تێکدانی پلانەکانیان."
ئاندری کە یەکێکە لە ئەندامانی گروپی بەرهەڵستی ژڤۆتا ستریچکا قسەی بۆ دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس کرد، بە مەرجێک کە ناوی تەواوی ئاشکرا نەکرێت تاوەکو ڕووسییەکان نەیدۆزنەوە.
هێزەکانی ئۆکرانیا لەمدواییانەدا لەڕێی بەکارهێنانی سیستمی موشەکی هیمارسی ئەمەریکییەوە توانیویانە پردێکی ستراتیژی سەر ڕووباری دنیپرۆی هەرێمی خێرسۆن بکەنە ئامانج و زیان بگەیەنن بە ڕێگەی سەرەکی دابینکردنی پێویستییەکان بۆ هێزەکانی ڕووسیا.
شاری خێرسۆن لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا داگیرکرا، گروپە بەرهەڵستیکارەکان شارەکەیان پڕکردووە لە نامیلکە و تیایدا هەڕەشە لەو بەرپرسانە دەکەن کە ڕووسیا پشتیوانییان لێدەکات.
پێش ئەوەی هێرش بکرێتەسەر پردەکە، نامیلکەکان لە شارەکەدا دەرکەوتن و لەسەرییان نوسرابوو " ئەگەر هیمارس نەتوانێت بیکات ئەوا پارتیزان یارمەتی دەدات."
ئاندری وتی " شوێنی تەواوی کۆمەڵێک ئامانجی جۆراوجۆر دەدەین بە سوپای ئۆکرانیا، هەروەها یارمەتی گەریلاکان سیستمە موشەکییە مەودا درێژەکانی وەکو هیمارس بەهێزتر دەکات. ئێمە لەپشتی هێڵەکانی ڕووسیادا دیار نین، ئەمەشە بەهێزیمان."
لەکاتێکدا هێزەکانی ئۆکرانیا هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمەکە زیاتر کردووە و هەندێک لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ڕووباری دنیپرۆیان گرتۆتەوە، چالاکی گەریلاکانیش زیادیکردووە.
گەریلاکان بۆمبەکان لە نزیک بینای بەڕێوەبەرایەتییەکان و ماڵەکانی بەرپرسان و تەنانەت ڕێگاکانیشدا دادەنێن.
بۆمبێک کە لەسەر درەختێک دانرابوو بە ئوتومبێلێکی سەرۆکی گرتووخانەی خێرسۆن ییڤگینی سۆبۆلێڤدا تەقییەوە، بەڵام سۆبۆلێڤ ڕزگاری بوو. ئوتومبێلێکی پۆلیس بە پارچەی بۆمبێک لێیدرا و دوو ئەفسەر بە سەختی برینداربوون، جێگری سەرۆکی بەڕێوبەرایەتی ناوخۆ لە نۆڤا کاخۆڤکا بە فیشەک کوژرا.
گەریلاکان چەند جارێک هەوڵیانداوە بەرپرسی هەرێمی خێرسۆن ڤلادیمیر سالدۆ بکوژن کە ڕووسیا لەو پۆستەدا دایناوە، 25 هەزار دۆلارییان تەرخان کردووە بۆ هەر کەسێک بتوانێت بیکوژێت. یاریدەدەرەکەی سالدۆ، پاڤێل سلۆبۆدچیکۆڤ لە ناو ئوتومبێلەکەی خۆیدا بە فیشەک کوژرا، بەرپرسێکی دیکەش بە ناوی دمیتری ساڤلوچینکۆ لەڕێی بۆمبێکی چێندراوە کوژرا.
سالدۆ گوتی هێرشەکان مۆسکۆی ناچار کردووە هێزی دژە گەریلا ڕەوانەی خێرسۆن بکات.
لە سەرەتای داگیرکردنی خێرسۆندا، هەزاران دانیشتووی هەرێمەکە خۆپیشاندانیان دژی ڕووسیا ئەنجامدا. بەڵام سوپای ڕووسیا بەخێرایی بڵاوەی پێکردن و چالاکەوانەکانی دەستگیرکرد.
سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس