Accessibility links

سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا داوای یارمەتی سەربازیی زیاتر دەکات


سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا داوای سیستمی موشەکی پاتریۆت و سیستمە پێشکەوتووەکانی دیکەی بەرگری ئاسمانی دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی ڕووسیا، لە کاتێکدا ڕۆژی دووشەممە بۆردومانەکانی ڕووسیا لە هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەردەوام بوون.

سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا دێنیس شمیهاڵ بە کەناڵی ئێڵ جی ئای فەڕەنسی وت ڕووسیا دەیەوێت شەپۆلێکی دیکەی پەنابەرانی ئۆکرانیا بۆ ئەوروپا دروست بکات، ئەوەش لە ڕێی بە ئامانجکردنی ژێرخانەکانی ئۆکرانیاوە کە بووەتە هۆی بڕینی ئاو و کارەبا لە ملیۆنان هاوڵاتی لە ماوەی وەرزی ساردی زستاندا.

لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا تاوەکو ئێستا ملیۆنان هاوڵاتی لە ئۆکرانیا هەڵاتوون، هەروەها ترس هەیە لەسەر ئەوەی ڕەنگە خەڵکێکی زیاتر لە ماوەی زستاندا وڵاتەکە جێبهێڵن. لە ماوەی جەنگەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا هەزاران کەس گیانیان لە دەستداوە و دەیان شار و شارۆچکەی سەرانسەری ئۆکرانیا خاپوور کراون.

شمیهاڵ لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵەکە پێش کۆبوونەوەکانی ئەم هەفتەیەی لە پاریس بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی نێودەوڵەتی زیاتر بۆ ئۆکرانیا، وتی ئۆکرانیا پێویستی بە گولەی تۆپهاوێژەکان و تانکی پێشکەوتوو هەیە.

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا قسەی کرد، کۆشکی سپی وتی سەرۆک بایدن تیشکی خستۆتە سەر ئەوەی ئەمەریکا " چۆن هەوڵەکانی پێش خستووە بۆ پتەوکردنی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا لە ڕێی یارمەتییە سەربازییەکانەوە، بە ڕاگەیاندنەکەی 9 ی مانگی یانزەشەوە کە بڕی 275 ملیۆن دۆلاری دیکەی بۆ تەقەمەنی سیستمەکانی دژ بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا تەرخان کرد."

شمیهال جەختی لەوە کردەوە بۆ ڕێگریکردن لە هێرشی ئاسمانی دیکەی ڕووسیا، ئۆکرانیا داوای سیستمی موشەکی زەوی بۆ ئاسمانی پاتریۆت دەکات، کە سیستمێکی پێشکەوتووە و تاوەکو ئێستا نەدراوە بە ئۆکرانیا. هەروەها داوای سیستمی زیاتری بەرگری ئاسمانی ئەڵمانی و فەڕەنسی کرد کە ئەو وڵاتانە پێشتر داوییانە بە ئۆکرانیا.

پێدانی سیستمی پاتریۆت بە ئۆکرانیا پێشکەوتنێکی گەورە دەبێت لە جۆری ئەو سیستمە بەرگرییە ئاسمانییانەدا کە ڕۆژئاوا دەیدات بە ئۆکرانیا تاوەکو دژی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا بەرگری لە خۆی بکات. تاوەکو ئێستا هیچ وڵاتێک ئەو سیستمەی نەداوە بە ئۆکرانیا.

شمیهال وتی ئۆکرانیا پێویستی بە بڕێکی زۆر گولە هەیە بۆ وەڵامدانەوەی هاوشێوە بە هاوشێوەی تۆپهاوێژەکانی ڕووسیا. وتیشی ڕووسیا ڕۆژانە 50,000 بۆ 70,000 گولە ئاڕاستەی ئامانجەکانی ئۆکرانیا دەکات و " هەموو ڕۆژێک پێویستمان بە لانیکەم سێیەکی ئەو بڕەیە."

ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە لە فەڕەنسا دەڵێن پێشبینی دەکەن زیاتر لە 45 وڵات و 20 دامەزراوەی نێودەوڵەتی بەشداری بکەن. سەنگی کۆبوونەوەکە لەسەر یارمەتیدانی بەپەلەی ئۆکرانیا دەبێت تاوەکو لە ئاست پێویستییەکانی ئۆکرانیادا بێت بۆ ئاو و کارەبا و خۆراک و تەندروستی و گواستنەوە لە ماوەی وەرزە سەختەکانی زستاندا.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG