Accessibility links

تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەدات کە بەرپرس بوون لە ڕووخانی بیناکاندا


تورکیا بەڵێنیدا بە چڕی لێکۆڵینەوە لە هەر کەسێک بکات کە بەرپرس بووە لە ڕووخانی بیناکاندا لە ماوەی بومەلەرزە وێرانکەرەدا، تاوەکو ئێستا فەرمانی دەستگیرکردنی 113 گومانلێکراوی دەرکردووە.

جێگری سەرۆکی تورکیا فوات ئۆکتای وتی تاوەکو ئێستا 131 گومانلێکراو وەکو بەرپرس داندراون لە ڕووخانی هەندێک لەو هەزاران بینایانەدا کە لە 10 پارێزگای وڵاتەکە لە ماوەی بومەلەرزەکەدا ڕووخان.

ئۆکتای وتی " فەرمانی دەستبەسەرکردنی 113 کەسییان دەرچووە."

وتیشی " بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەمە دەکەین تاوەکو پڕۆسەی دادوەری ئەنجامێکی لێدەکەوێتەوە، بە تایبەتی بۆ ئەو بینایانەی کە زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە و ئەو بینایانەشی کە بوونەتە هۆی گیان لە دەستدان و برینداربوونی خەڵکەکە."

وتی وەزارەتی داد لە ناوچەکانی بومەلەرزەکەدا ناوەندی لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی بومەلەرزەی دامەزراندووە بۆ لێکۆڵینەوە لە حاڵەتی گیان لە دەستدانەکان و بریندارەکان.

وەزیری ژینگەی تورکیا موڕات کوروم وتی 24,921 بینا لە سەرانسەری ناوچەکەدا ڕووخاون یاخود زیانێکی زۆر گەورەیان بەرکەوتووە، ئەوەش بەپێی هەڵسەنگاندنەکان کە بۆ زیاتر لە 170,000 بینا کراون.

شەش ڕۆژ دوای بومەلەرزەکە، تیمەکانی فریاکەوتن هێشتا لە ژێر پاشماوەکاندا بە دوای ڕزگاربوواندا دەگەڕێن، حاڵەتەکانی گیان لە دەستدانیش لە تورکیا 29,000 کەسی تێپەڕاندووە.

پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا سەرۆکی وڵاتەکە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەوەی ڕێکارەکانی بیناسازی جێبەجێ نەکردووە، هەروەها بە تۆمەتی خراپ خەرجکردنی ئەو باجە تایبەتانە تۆمەتبارییان کردووە کە لە دوای بومەلەرزە گەورەکەی ساڵی 1999 ەوە وەرگیران بۆ ئەوەی بیناکان خۆڕاگرتر دروست بکرێن بەرامبەر بومەلەرزەکان.

ئەردۆغان وتوویەتی ئۆپۆزسیۆن ڕاست ناکەن و بوختان بڵاودەکەنەوە بۆ لکەدارکردنی حکومەت، هەروەها دەڵێت ڕێگری لە وەبەرهێنانەکان دەکەن لە جیاتی ئەوەی ڕووبەڕووی گەندەڵییەکان ببنەوە لە شارەوانییەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆندا.

لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا تاوەکو ساڵی 2022، تورکیا لە کۆی 174 وڵات، لە ڕیزبەندی تێڕوانینی ڕوونی گەندەڵی نێودەوڵەتیدا لە پلەی 47 ەوە دابەزی بۆ پلەی 101، لە ساڵی 2012 دا گەیشتە پلەی 54.

دەزگای هەواڵی ئەنادۆڵو وتی لێکۆڵەرەوانی ئەدەنە لە لێکۆڵینەوەکانیاندا لە ڕووخانی بیناکان، فەرمانی دەستبەسەرکردنی 62 کەسیان دەرکردووە، لێکۆڵەرەوانی دیاربەکریش فەرمانی دەستگیرکردنی 33 کەسییان دەرکردووە.

وتیشی هەشت کەس لە سەنلیورفا و چوار کەس لە عوسمانییە بەهۆی پەیوەندییانەوە بە بینا وێران بووەکان دەستگیرکراون، کە باوەڕ وایە هەڵە کرابێت لە دروستکردنیاندا، یەکێک لەو هەڵانەش لابردنی هەندێک لە پایەکانی بیناکان بووە.

ئەنادۆڵو وتی پۆلیس گەشەپێدەرێکی یەکێک لەو بینا ڕووخاوانەی ئەتاکیای لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵ دەستگیرکردووە، ڕۆژی هەینی ویستوویەتی بەرەو مۆنتێنیگرۆ بچێت و ڕۆژی شەممە بە فەڕمی دەستگیرکرا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG