Accessibility links

ژمارەی گیان لەدەستدانی ئاکامی بومەلەرزەکە لە تورکیا و سوریا دەگاتە نزیکەی 37 هەزار کەس

١٥:٥٨ ١٣.٢.٢٠٢٣

زیانە گیانییەکانی ئاکامی بومەلەرزەکە لە تورکیا و سوریا گەیشتە نزیکەی 37 هەزار کەس

دەزگای کارەسات و فریاگوزاری تورکیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزەکە گەیشتە 31 هەزار و 643 . هەروەها ڕایگەیاند لە پاش بومەلەرزە بەهێزەکەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو 2724 بومەلەرزەی دیکە ڕوویانداوە.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە سوریاش ژمارەی گیان لەدەستدان گەیشتە زیاتر لە 5300 .

بەمەش کۆی زیانە گیانییەکان لە تورکیا و سوریا بوو بە 36 هەزار و 943 کەس.

١٧:٢١ ١٢.٢.٢٠٢٣

دەزگای کارەسات و فریاگوزاری تورکیا ڕایگەیاند ژمارەی گیان لەدەستدان گەیشتە زیاتر لە 29 هەزار و605کەس.

هەروەها دەشڵێت لە پاش بوومەلەرزە بەهێزەکەی هەفتەی ڕابردووەوە هەتا ئێستا 2412 بوومەلەرزەی تر ڕوویداوە.

ڕوانگە سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت 1202 تەرمی قوربانیانی هاووڵاتی سوریایی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە لە تورکیاوە گەیشتەوە سوریا.

سەبارەت بە کۆی گیان لەدەستدانەکان لە سوریا ڕوانگەکە دەڵێت ژمارەی گیان لەدەستدان گەیشتە 5 هەزار و 273 . 2هەزار و 63 کەسیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێم و 3 هەزار و 210 کەسیان لە ناوچەکانی ئۆپۆزسیۆن. دەشڵێت هێشتا دەیان تەرم لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندان.

بەمەش ژمارەی گیان لەدەستدانەکان لە تورکیا و سوریا دەگاتە 34 هەزار و 878.

١٦:٥١ ١٢.٢.٢٠٢٣

کاربەدەستێکی تورکیا: هێزی بومەلەرزەکە هێندەی 500 بۆمبی ئەتۆمی بووە

ئورهان تەتار، بەڕێوەبەری گشتی بەشی بومەلەرزە لە دەزگای کارەسات و فریاگوزاری تورکیا بە ڕۆژنامەوانانی وڵاتەکەی وت ئەو وزەیەی لە بۆمەلەرزەکەی یەکەم دەرچووە یەکسانە بە هێزی 500 بۆمبی ئەتۆمی. وتیشی بومەلەرزەکە هێزەکەی 7.7 پلە بووە و بۆ ماوەی 65 چرکە بەردەوامبووە.

١٦:٣٣ ١٢.٢.٢٠٢٣

هەڵمەتی هاوکاری مرۆیی بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەی سوریا

هەڵمەتەکانی کۆکردنەوەی هاوکاری بەردەوامە بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکانی کە تورکیا و سوریای هەژاند و دەیان هەزار قوربانی لێکەوتەوە.

بە دەیان ڕێکخراوی خێرخوازی لە شاری رەققە دەستیان بە هەڵمەتێک کردووە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی سوریا.

پەیامنێرمان زانا عومەر زانیاری زیاتر لەم بارەیەوە دەخاتە ڕوو.

زیاتر نیشـان بده‌

XS
SM
MD
LG