Accessibility links

بوومەلەرزەکەی تورکیا و کێشمەکێشی سیاسی لەنێوخۆی ئەو وڵاتە


چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئەو بوومەلەرزەیەی کە بەشێک لە ناوچەکانی تورکیای گرتەوە و ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە، کێشمەکێشی سیاسی لەنێوخۆی ئەو وڵاتەدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

لەکاتێکدا لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا هەوڵی قۆستنەوەی ڕووداوەکە و لاوازکردنی پێگەی رەجەب تەیب ئەردۆگان دەدەن، بەڵام ئەردۆگان هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ تا ڕووداوی بومەرلەرزەکە نەبێتە هۆی لاوازکردنی پێگەی جەماوەری.

دکتۆر سەردار عەزیز، شارەزا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
دکتۆر سەردار عەزیز، شارەزا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

، بە دەنگی ئەمەریکای وت"ئەو بوومەلەرزەیەی تورکیای گرتووەتەوە، ڕووداوێکی ئێجگار گەورەیە، خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستداوە و زەرەرمەندبوون، ئەردۆگانی خستووەتە بەردەم لێپرسراوێتییەکی گەورەوە، کە چۆن ئیدارەی قەیرانەکە دەدات، چونکە ئەو تەنها بڕیاردەرە و بەرپرسە لە خراپ ئیدارەدان یاخود سەرکەوتووانە ئیدارەدانی قەیرانەکە."

ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەوە تا دێت ڕوو لە هەڵکشان دەکات، بەپێی راگەیەنراوی دەزگای کارەسات و فریاگوزاری تورکیا، ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی ئەو بوومەلەرزەی بەشێک لە ناوچەکانی تورکیای گرتەوە، گەیشتووەتە 29 هەزار و 605 کەس.

دکتۆر سەردار وتیشی"تورکیا لەبەردەم هەڵبژاردندایە و چاوەڕوانی گۆڕانکاری دەکرێت، بۆیە ئەم کارەساتە سروشتییەی ڕوویداوە کاریگەری دەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیا."

رەجەب تەیب ئەردۆگان لە مانگی 11 ی ساڵی 2022 دەسەڵاتی گرتە دەست و زیاتر لە 20 ساڵە حوکمی تورکیا دەکات، کە بڕیارە لە ڕۆژی 14/5 ی ئەمساڵ، هەڵبژاردن لە تورکیا ئەنجام بدرێت.

دکتۆر کاروخ خۆشناو، چاودێری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای وت"ئەردۆگان باسی لە دواخستنی هەڵبژاردن کرد بەهۆی بوومەلەرزەکەوە، ڕەنگە بیەوێت ڕووداوەکە بقۆزێتەوە و تەمەنی دەسەڵاتی خۆی درێژبکاتەوە."

دکتۆر کاروخ خۆشناو، چاودێری سیاسی
دکتۆر کاروخ خۆشناو، چاودێری سیاسی

دکتۆر کاروخ خۆشناو ڕوونیکردەوە، ئەردۆگان لەڕووی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیشەوە دۆخی باش نییە، وتی"پێناچێت لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان ڕازی بن بە دواخستنی هەڵبژاردن، هەرچەندە تا ئێستا هەڵوێستی خۆیان ڕوون نەکردووەتەوە."

رێکخراوی نێت بلۆک کە چاودێری بەکارهێنانی ئینتەرنێت دەکات لەسەرانسەری جیهان رایگەیاند، کۆمپانیا سەرەکییەکانی ئینتەرنێت لە تورکیا فلتەرکراوە، لەکاتێکدا خەڵکی پشتیان بەو خزمەتگوزارییە بەستووە لە دوای ڕووداوی بوومەلەرزە کوشندەکان.

بەبڕوای دکتۆر سەردار عەزیزی شارەزا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئەردۆگان کاتێک هەڕەشەی سزادان لەو کەسانە دەکات گوایە هەواڵی ساختە بڵاودەکەنەوە، مەبەستی لەو ڕەخنەگرانەیە کە لەسەر شێوازی ئیدارەدانی قەیرانەکە ڕەخنەی لێدەگرن و دەیەوێت بیانترسێنێت، چونکە ئەردۆگان ترسی لەوە هەیە ڕەخنەکان کاریگەرییان لەسەر پێگەی جەماوەری هەبێت.

دکتۆر سەردار دەڵێت"ئەردۆگان نایەوێ ئەم قەیرانە لەلایەن ڕکابەرەکانییەوە بەکاربهێنرێت لەدژی، خۆی راستەوخۆ ئیدارەی قەیرانەکە دەدات، بە تایبەت لە ئێستادا کە ئابووری تورکیا خراپە و دۆخی خەڵک باش نییە، پێناچێت ئەردۆگان بتوانێت بە تەنها دەرەقەتی ئەم قەیرانە بێت."

بەڕای ئابووریناسان، بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و داڕمانی بەهای لیرەی تورکی لەبەرانبەر دۆلاری ئەمەریکی، تورکیای بەرەو قەیرانی دارایی بردووە و زیانی بەکارگەکان و جوتیارەکان لەسەرانسەری تورکیا گەیاندووە.

سەردار عەزیز، بەدووری نازانێت وەکچۆن ئەردۆگان لە ئەنجامی روودانی بوومەلەرزە و خراپی دۆخی تورکیا دەسەڵاتی گرتە دەست، دوور نییە ئەم قەیرانە سروشتییەی تورکیای گرتووەتەوە، ئەردۆگان لەکورسی دەسەڵات بهێنێتە خوارەوە، گەر باش ئیدارەی دۆخەکە نەدات، وتی"قەیران و خراپی ئابووری کاریگەری گەورەیان لەسەر هەڵبژاردن دەبێت، بۆیە چاوەکان لەسەر ئەردۆگانن، تا بزانن لە کاتی قەیران دا چ جۆرە سەرکردەیەکە."

XS
SM
MD
LG