Accessibility links

ئایندەی ئەردۆغان لە نێوان دوو بوومەلەرزەدا


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا

پێدەچێت بوومەلەرزەکەی ئەمساڵی 2023 لە تورکیای دا، جارێکی تریش رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بخاتەوە سەر سەرنگی مەحەک.

بوومەلەرزەکەی ساڵی 1999ی تورکیا، بووە زەمینەیەک و هەروەهاش کرانەوەی دەرگایەکی گەورە بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان تا جڵەوەکانی دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتیش لە تورکیادا بگرێتە دەست.

هاوکاتی بوومەلەرزەکەی ئەو ساڵە کە نزیکەی 18 هەزار کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا، ئەردۆغان، سەرۆکی ئێستای تورکیا ژمارەیەک پەیمانی گەورەی دەدا و تەواوی لۆمەکانی لە ئەستۆی حکومەتی ئەو کاتە دەنا، هەروەها گوتاری سیاسی پارتی داد و گەشەپێدانیش لەسەر کۆڵەکەی لۆمەکردنەکان ڕاوەستابوو.

لۆمەکردن لە چی؟

ئەردۆغان و پارتییەکەیشی جەختیان لە "گەندەڵی و خراپیی فەرمانڕەوایەتی و بە تەنگەوەنەچوونی دامەزراوەکانی حکومەت" دەکردەوە و هەروەها پەیمانیش دەدران بەوەی تورکیای ژێر فەرمانڕەوایەتی ئاکەپە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، تورکیایەکی زۆر جیاواز دەبێت و هەموو شتێکیش لە بنەڕەتەوە دەگۆڕدرێت.

بەر لە چەند ڕۆژێک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا داوا دەکات تەنها ماوەی یەک ساڵی بدرێتێ تا بە تەواوەتی هەموو ئەو شوێنانە ئاوەدان بکرێنەوە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە وێران بوون.

دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری سیاسی تورکیا
دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری سیاسی تورکیا

دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری تورکیا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "ئەوەی ئەردۆغان دەیڵێت بەشێکە لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن."

دکتۆر جەبار دەڵێت "ئەردۆغان وەک کەسێک کە ڕووبەڕووی لێکەوتەکانی ئەو کارەساتە مەزنە سروشتییە بۆتەوە و دەشزانێت بارەکە چەندێک قورسە و چەندێکیش کاریگەریی هەیە لەسەری، هەربۆیە داوای مۆڵەتپێدان دەکات لەکاتێکدا دەشزانێت لە توانای هیچ زلهێزێکیشدا نییە ئەو کارە بکات."

دکتۆر جەبار ئاماژە بە مەترسییەکیش دەکات لە پەیوەندی بەم باسەوە وەک دەڵێت "بە پاکانەی ئەم بوومەلەرزەیە و ڕاگەیاندنی باری نائاسایی، لەوانەیە وەها بکات ببێتە دەرفەتێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا کە بڕیارە لە مانگی 5دا بکرێت، لەو ڕوانگەیەوەی کات پێویستە تا بتوانن هەر هیچ نەبێت بەسەر لێکەوتە ڕاستەخۆکانی ئەم کارەساتەدا سەربکەون."

دکتۆر گونول توڵ، سەرۆکی بەشی تورکیا لە نێوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنکە لە واشنتۆن، لەوتارێکدا کە بۆ (فۆرین پۆڵیسی) نووسیوە دەڵێت " هەر تەنها خۆشەویستان و ئازیزان نەکەوتنە ژێر داروپەردووی پاش بوومەلەرزەکەوە، بەڵکو ئەو پەیمانانەی دەشدران بۆ فەرمانڕەوایەتییەکی باش و نەهێشتنی گەندەڵی و ئەوەی دەوڵەت بێتە وەڵام کاتێک گەل پێویستی دەبێت، هەمووی کەوتنە بن داروپەردووی ئەم بوومەلەرزەیەوە."

دکتۆر گونول توڵ، سەرۆکی بەشی تورکیا لە نێوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنکە لە واشنتۆن
دکتۆر گونول توڵ، سەرۆکی بەشی تورکیا لە نێوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنکە لە واشنتۆن

کتۆر گونول، لەو وتارەیدا ئاماژەش بەوە دەکات وەک دەڵێت "سەرۆکی تورکیا دامەزراوەکانی وڵاتەکەی پڕ کردووە لەوانەی سەر بە خودی ئەردۆغانن، ئەمەش ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ ڕوودانی ئاوەها کارەساتێک."

گوتاری پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوای تورکیا لە ئێستادا بریتییە لە دابینکردنی هەموو جۆرە کۆمەک و یارمەتییەک بۆ لێقەوماوانی ئەم بوومەلەرزەیە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا لایەنەکانی ئۆپزسیۆن ڕووی دەمیان دەکەنە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و دەپرسن "کوانێ ئەو یارمەتیانە؟"

تیمەکانی فریاگوزاری لە شاری هاتای لە دەمی هەوڵەکانی دەرهێنانی قوربانیان
تیمەکانی فریاگوزاری لە شاری هاتای لە دەمی هەوڵەکانی دەرهێنانی قوربانیان

دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری تورکیا دەڵێت با لەبیرمان نەچێت کارەساتەکە زۆر گەورەیە و وەک ئاماژەیشی پێدەکرێت تورکیا وەک وڵات و وەک دەوڵەتیش ئامادەیی نەبووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتی لەم جۆرە، هەربۆیەشە وەک دەڵێت "گوتارەکانی هەردوو لایەن جۆرێک لە ڕاستی تیادایە."

دکتۆر جەبار دەڵێت "حکومەتی تورکیا هەوڵیداوە یارمەتیدەربێت بەڵام زۆر لەسەرخۆ بووە و لە سەرەتاوە، وەک لە ئێستادا دەردەکەوێت نەیویستووە قەبارەی کارەساتەکە بە خەڵک بڵێت و هەندێک لە ڕاستییەکانیشی شاردۆتەوە. هەرچەندە لە وڵاتاندا ئەم جۆرە بابەتانە بۆ گوتاری سیاسی و هەڵمەتی هەڵبژاردن بەکارناهێنرێن، بەڵام لە تورکیا هەر لە ئێستەوە دەستیپێکردووە؛ هەم حزبەکەی ئەردۆغان و هەم ئۆپزسیۆنیش بەکاریدەهێنن و هەردوولاش ئەوەندە کەرەستەیان لەبەردەستدایە کە بتوانن بۆچوونەکانی خۆیان پشتڕاست بکەنەوە."

لەوەتای ئەم بوومەلەرزەیە ڕوویداوە، زۆر کەس و لایەن باس لە بوونی جیاوازیش دەکەن لە دابەشکردنی کۆمەک و یارمەتی و بەهاناوە چوونەکانیشدا، وەک دکتۆر جەبار دەڵێت "بەڵێ وایە و پێشدەچێت هاوکارییەکان زیاتر بەو شوێنانە بدرێن کە بە لایەنگری ئاکەپە ناودێر دەکرێن و بە پلەی یەکەمیش تورکن، وە کەمتر بایەخ دراوە بە ناوچە کورد نشینەکان."

زۆرجار ئەم جۆرە کارەساتە سروشتیانە لە وڵاتاندا دەبنە مایەی ئاڵوگۆڕی سیاسی.

دکتۆر جەبار دەڵێت لە تورکیاشدا بە هەمان شێوەیە و لەم بوومەلەرزەیەیاندا دۆسێی کۆدی دروستکردنی باڵەخانەکان هاتۆتە ئاراوە و دەشڵێت "لەم ڕۆژانەدا هەندێک زانیاری بڵاوبوونەتەوە کە هەندێک شار لەوانەی سەرۆکی شارەوانییەکانیان سەر بە پارتی داد و گەشەپێدان نەبوون، لەو شارانەدا زیانەکان و ژمارەی قوربانییەکانیش زۆر کەمتر بوون."

لەوەتای بوومەلەرزەکە لە تورکیای داوە، ژمارەیەک لە سەرۆکی کۆمپانیاکانی بیناسازی دەستگیرکراون یان بڕیاردراوە دەستگیر بکرێن بەر لەوەی بتوانن لە تورکیا ڕابکەن.

یەکێک لە باڵەخانەکانی شاری مەرعەش پاش بوومەلەرزەکەی 6ی مانگی دوو
یەکێک لە باڵەخانەکانی شاری مەرعەش پاش بوومەلەرزەکەی 6ی مانگی دوو

دکتۆر جەبار قادر دەڵێت "دوای ڕوونبوونەوەی دیمەنە گشتییەکە، ململانێی سیاسی و مل شکاندنی یەکتر ڕوودەدات، جا ئەگەر ئەردۆغان هەوڵنەدات کۆمەڵێک سیناریۆی تر بێنێتە ئاراوە، ڕەنگە ئەمجارەیان ئەم بوومەلەرزەیە لەگەڵ کێشەکانی تری تورکیاد ببێتە هۆکاری لەدەستدانی دەسەڵات لە تورکیادا."

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە زیاتر لە 29 هەزار و 600 کەس لە تورکیادا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

پاش تێپەڕبوونی نزیکەی یەک هەفتە بەسەر بوومەلەرزەکەدا، هێشتاش چاوەڕواندەکرێت ژمارەی زیانە گیانییەکان زیاتر بن.

کاربەدەستانی تورکیا دەڵێن، ژمارەی ئەو خەڵکەش کە بریندارن گەیشتۆتە زیاتر لە 80 هەزار کەس.

بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، هاوکات بووە لەگەڵ ئەو قەیرانە ئابووری و دراویەی تورکیا تێیکەوتبوو، وەک زۆرێکیش لە نێوەندەکان و ئابوریناسان ئاماژەی پێدەکەن، لێکەوتە ئابووری و داراییەکانی ئەم بوومەلەرزەیە دەبنە دڵەڕاوکێیەکی تر بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بەتایبەتیش کە زۆرێک لە شیکەرەوە لەوبڕوایەدان، ئەو هەڵبژاردنەی مانگی پێنجی داهاتوو لە تورکیادا وەک ڕاوەرگرتنێکی گشتییە لەسەر خودی ئەردۆغان.

XS
SM
MD
LG