Accessibility links

ڕابەرانی تاڵیبان کۆدەبنەوە


دوای ئەوەی ئەمەریکا کوشتنی ڕابەری ڕێکخراوی قاعیدە ئەیمەن ئەل زەواهری ڕاگەیاند، سێ سەرچاوەی تاڵیبان گوتیان ڕابەرانی تاڵیبانی ئەفغانستان کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن بۆ تاوتوێکردنی چۆنێتی وەڵامدانەوەی هێرشە موشەکییەکەی ئەمەریکا لە کابوڵ کە تیایدا زەواهری کوژرا.

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ڕۆژی یەکشەممە ئەمەریکا لەڕێی هێرشێکی موشەکییەوە ڕابەری قاعیدە ئەیمەن زەواهرییان لە باڵکۆنەکەی ماڵەکەی خۆی لە کابوڵ کوشتووە.

تاوەکو ئێستا تاڵیبان کوژرانی زەواهری پشتڕاست نەکردۆتەوە.

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات ئاماژەی بەوەدا واشنتن بەردەوام دەبێت لە بە ئامانجکردنی قاعیدە لە ئەفغانستان تاوەکو دڵنیاببێتەوە لەوەی جارێکی دیکە ئەفغانستان نەبێتەوە پەناگەی " ئەو تیرۆریستانەی کە دژی ئەمەریکا پلان دەگێڕن."

بەرپرسەکە گوتی " بە وریایی دەمێنینەوە چی پێویست بکات دەیکەین، وەکو ئەوەی ئەم هەفتەیە کردمان." گوتیشی بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هێشتا دەیەوێت لەگەڵ تاڵیباندا گفتوگۆ بکات " بەڵام لە کاتێکدا کە تاڵیبان بتوانێت بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بەرەوپێشەوە ببات."

بەرپرسانی تاڵیبان ڕۆژی یەکشەممە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە کابوڵ پشتڕاست کردەوە، بەڵام گوتیان ئەو خانووەی کە لێیدراوە چۆڵ بووە.

ڕابەرێکی تاڵیبان کە پێگەیەکی زۆر گرنگی هەیە لە کابوڵ بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند " کۆبوونەوە دەبێت لەسەر ئاستی زۆر بەرز، لەسەر ئەوەی چۆن وەڵامی هێرشەکەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بدەینەوە، لەحاڵەتێکدا ئەگەر بڕیار بدەن، ئەوا ڕێگەیەکی گونجاو دەبێت."

بەرپرسەکە کە گوتی دوو ڕۆژە گفتوگۆی دوورودرێژ هەن، ڕەتی کردەوە ناوی ئاشکرا بکات. هەروەها ئەوەشی پشتڕاست نەکردەوە کە ئایا زەواهری لە ماڵەکەدا بووە یاخود نا.

چۆنێتی وەڵامدانەوەی تاڵیبان دەکرێت کاردانەوەیەکی زۆر گرنگی لێبکەوێتەوە، چونکە لە ئێستادا تاڵیبان هەوڵ دەدات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕازی بکات دان بە حکومەتەکەیدا بنێت لە ئەفغانستان و دەستی بگات بەو ملیاران دۆلارەی ئەفغانستان کە لە دەرەوە سڕکراون.

بەرپرسەکەی ئەمەریکا گوتی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە فشار خستنەسەر تاڵیبان تاوەکو کۆتوبەندەکانی سەر خوێندنی کچان لە ئەفغانستان لاببات و هەنگاو بنێت بۆ " بەرەوپێشەوە بردنی جێگیری ئابووری گەورە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە بانکی ناوەندی ئەفغانستاندا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن گوتی تاڵیبان بە پێدانی پەناگە و میوانداریکردنی زەواهری " بەشێوەیەکی ناشرین " ڕێکەوتنەکانی پێشێل کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG