Accessibility links

وتاری سەرۆک بایدن سەبارەت بە کوژرانی ڕێبەری ئەلقاعیدە


جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئێوارەی دووشەممە وتارێکی پێشکەش کرد پاش ئەوەی هەواڵی کوژرانی ئەیمەن ئەلزەواهری ڕێبەری ئەلقاعیدە ڕاگەیەندرا. سەرۆک بایدن لە وتارەکەی جەختی کردەوە کە نابێت خاکی ئەفغانستان بکرێتەوە پەناگەیەک بۆ کردەوەی دژی ئەمەریکا.

دووپاتی کردەوە ئەمەریکا هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەلامەتی ئەمەریکایـیەکان لە ناو ئەمەریکا و سەرانسەری جیهان. وتی " گرنگ نییە چەندە دەخایەنێت و لە کوێ خۆت حەشار دەدەیت، ئەگەر ببیتە جێی هەڕەشە بۆ سەر ئەمەریکایـیەکان، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەدۆزێتەوە و بە سزای خۆتت دەگەیەنێت."
ئەمەش بەشێک لە وتارەکەی سەرۆک بایدن:


هاوڵاتیانی ئەمەریکایی، ڕۆژی شەممە بەپێی ڕێنماییەکانم، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە سەرکەوتوویی هێرشێکی ئاسمانی لە ئەفغانستان ئەنجام دا و سەرئەنجام ئەیمەن ئەلزەواهری کوژرا.


ئەلزەواهری ڕێبەری بن لادن بوو و بەردەوام لەگەڵیدا بوو، هەر لەو کاتەی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەریان ئەنجام دا ئەو کەسی دووەم بوو لە ناو قاعیدە، دەستی هەبوو لە پلاندانان بۆ هێرشەکان و بەرپرس بوو لە کوژرانی 2977 ئەمەریکایی.


زەواهری بۆ دەیان ساڵ نەخشەداڕێژەری ئەو هێرشانە بوو کە کرانە سەر ئامانجی ئەمەریکایی، لەوانە هێرشەکەی سەر کەشتی جەنگی کۆل لە ساڵی 2000 کە تیایدا 17 دەریاوانی ئەمەریکایی کوژران و دەیانی دیکە برینداربوون. هەروەها ڕۆڵێکی سەرەکی بینیبوو لە تەقاندنەوەی هەردوو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تانزانیا و کینیا کە 224 کەس تیایاندا کوژران و 4500 کەسی دیکەش برینداربوون.


زەواهری ڕێگایەکی بڕی کە بڕبوو لە کوشتن و توندوتیژی لە دژی هاوڵاتیانی ئەمەریکایی و سەربازانی ئەمەریکایی و دیپلۆماتانی ئەمەریکایی و بەرژەوەندیـیەکانی ئەمەریکا.


یازدە ساڵ لەمەوبەر پاش ئەوەی ئەمەریکا بن لادنی بە سزای خۆی گەیاند، زەواهری بووە ڕێبەری ئەلقاعیدە، وە لە حەشارگەکەیەوە هەماهەنگی لە نێوان لقەکانی قاعیدە لە سەرانسەری جیهان دەکرد، وە ڕێنمایی دەکردن بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجی ئەمەریکایی. ڤیدیۆی تۆمار دەکرد کە تیایاندا داوای لە لایەنگرانی دەکرد هێرشبکەنە سەر ئەمەریکا و هاوپەیمانانی. ئێستا بە سزای خۆی گەیشت و ئەم تێرۆرستە چیتر نەما و چیتر پێویست ناکات خەڵکی لە سەرانسەری جیهان لەو مرۆڤ کوژە بترسن.


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەردەوامە لە پیشاندانی سووربوونی خۆی و تواناکانی بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی ئەمەریکا لە دژی ئەوانەی دەیانەوێت زیانمان پێبگەیەنن.
ئەمشەو جارێکی دیکە پـیشانمان دا کە گرنگ نییە چەندە دەخایەنێت و لە کوێ خۆت حەشار دەدەیت، ئەگەر ببیتە جێی هەڕەشە بۆ سەر خەڵکەکەمان، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەدۆزێتەوە و بە سزای خۆتت دەگەیەنێت.


لە پاش چەندان ساڵ لە سەرۆکایەتی بوش و ئۆباما و ترامپ، دەزگا هەواڵگرییەکانمان لەم ماوەی پێشووی ئەمساڵ شوێنی زەواهرییان دەستنیشانکرد کە چووبووە ناوەڕاستی کابول بە مەبەستی گەیشتن بە ئەندامانی خێزانەکەی. پاش ئەوەی بە وردی چاودێری کرا و بەڵگەی ڕوون لەسەر شوێنەکەی هەبوو، فەرمانم کرد بە وردی لێی بدرێت و لە مەیدانی شەڕەکە دوربخرێتەوە.


پلانی ورد دانرا بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسیـیەکانی زیان کەوتن بە خەڵکی سیڤیل. هەفتەیەک لەمەوبەر ئاگادارکرامەوە بەوەی بارودۆخەکە گونجاوە و منیش ڕەزامەندی کۆتاییم دا و ئەرکەکە سەرکەوتوو بوو. هیچ کەسێک لە ئەندامانی خێزانەکەی نەکوژران و زیان بەر خەڵکی سیڤیلیش نەکەوت.


ئەم زانیاریانە دەدەم بە خەڵکی ئەمەریکا پاش دڵنیا بوون لە سەرکەوتنی کارەکە. ئەمەش لە ئەنجامی کاری بێ وچانی دەزگا ئاسایشییەکان و هاوپەیمانان و هاوبەشە سەرەکیـیەکانمان.


ساڵێک لەمەوبەر، کاتێک کۆتاییم بە ئەرکە لەشکریـیەکان هێنا لە ئەفغانستان، بڕیارم دا لە پاش 20 ساڵ لە شەڕ کە چیتر ئەمەریکا پێویستی بەوە نییە هەزاران سەرباز لەسەر خاکی ئەفغانستان هەبێت بۆ پاراستنی ئەمەریکایـیەکان لە تێرۆرستان. بەڵێنم بە خەڵکی ئەمەریکا دا کە بەردەوام دەبین لە کردارەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر لە ئەفغانستان و شوێنی دیکە، وە ئەوەشمان کرد.


لە مانگی دوو هێزەکانمان لە سوریا ڕێبەرێکی دیکەی سەرەکی داعشیان لەناوبرد. ئێستاش ئەیمەن زەواهری ئەلقاعیدەمان کۆتایی پێهێنا. هەرگیز ڕێگە نادەین ئەفغانستان ببێتە شوێنێکی پارێزراو بۆ تێرۆرستان. ناکرێت ئەفغانستان بکرێتە شوێنێک بۆ کاری دژی ئەمەریکا. ئەم ئۆپەراسیۆنە سەلمێنەری ئەوەیە کە لە توانماندایە بەڵێنەکانمان جێبەجێ بکەین.


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەردەوامە لە چاودێریکردنی هەڕەشەکانی قاعیدە، ئێدی لە هەر کوێـیەکەوە بن.


من وەکو فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان ئەرکی خۆمە ئەمەریکا پارێزراو بکەم. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەم شەڕەی نەدەویست، ئەوان بۆمان هاتن و ئێمەش وەڵاممان دانەوە. ئێمە هەرگیز ناشکێین و هەرگیز چۆک دانادەین.


ساڵی ڕابردوو لە 11 ی سێپتەمبەر چووم سەردانی شوێنی هێرشەکانی 11 ی سێپتەمبەرم کرد لە نیویۆرک و لەوێ ناوی ئەو کەسانەم بینی کە کوژران، ئەوە بیرهێنەرەوەیەکی بەهێزبوو بۆ ئەو بەڵێنەی بە خۆمان دابوو، "هەرگیز بیرمان ناچێتەوە".


سەبارەت بەوانەی دەیانەوێت زیان بە ئەمەریکا بگەیەنن، باش گوێم لێبگرن، هەمیشە بە وریاین و هەموو ڕێوشوێنێک دەگرینەبەر کە پێویست بێت بۆ سەلامەتی ئەمەریکایـیەکان لێرە و لە جیهاندا.

XS
SM
MD
LG