Accessibility links

کاردانەوەکان لەسەر کوژرانی ڕێبەری قاعیدە


ڕێبەریقاعیدە ئەیمەن ئەلزەواهری لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان کوژرا، ئەمەش لە دوای کوژرانی ئوسامە بن لادنەوە گەورەترین لێدانە لە گروپەکە.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە کۆشکی سپییەوە ڕایگەیاند " گرنگ نییە چەندە دەخایەنێت و لە کوێ خۆت حەشار دەدەیت، ئەگەر ببیتە جێی هەڕەشە بۆ سەر ئەمەریکایـیەکان، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەتدۆزێتەوە و بە سزای خۆتت دەگەیەنێت."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە بەیاننامەیەکدا گوتی " بە ڕووی نائامادەیی یاخود نەتوانینی تاڵیبانەوە بۆ پابەندبوون بە بەرپرسیارێتییەکانیانەوە، ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی گەلی ئەفغانستان لەڕێی دابینکردنی یارمەتی مرۆیی و داکۆکیکردن لە پاراستنی مافە مرۆییەکانیانەوە، بەتایبەتی مافەکانی ئافرەتان و کچان."

دەزگای هەواڵی سعودیە لە زاری وەزارەتی دەرەوەی سعودیەوە بڵاویکردەوە " زەواهری بە یەکێک لە ڕابەرانی تیرۆر دادەنرا کە سەرپەرشتی پلانگێڕان و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییە قێزەونەکانی دەکرد لە ئەمەریکا و سعودیە."

سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ گوتی " کوژرانی ئەیمەن ئەل زەواهری هەنگاوێکە بۆ پێشەوە بەرەو جیهانێکی پارێزراو. کەنەدا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشە جیهانییەکانماندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان و بەرەوپێشەوەبردنی ئاشتی و ئاسایش، هەروەها پاراستنی هاوڵاتیانمان لێرە و لە سەرانسەری جیهاندا."

سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا باراک ئۆباما گوتی " هەواڵەکانی ئەمشەو بەڵگەن لەسەر ئەوەی دەکرێت بەبێ ئەوەی لە جەنگدا بیت لە ئەفغانستان دەتوانیت ڕەگ و ڕیشەی تیرۆر دەربکەیت. هیوادارم ئەمە ئاسوودەییەک بدات بە خێزانەکانی قوربانیانی 9/11 و هەموو ئەوانی دیکە کە بە دەستی ئەل قاعیدەوە ناڵاندوویانە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG