Accessibility links

تاڵیبان لە دوای گەڕانەوەی بۆ سەر دەسەڵات یەکەم سزای مەرگ بەسەر کەسێک لەبەر چاوی خەڵک جێبەجێ دەکات


تاڵیبان بۆ یەکەم جار لە دوای گەڕانەوەی بۆ سەر دەسەڵات لە ئەفغانستان کەسێکی لەبەر چاوی خەڵک و لە شوێنێکی گشتیدا سزای مەرگی بەسەردا جێبەجێ کرد.

ذبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند دادگای باڵا فەرمانی پێگەیشت سزاکە لەبەر چاوی خەڵک ئەنجام بدرێت، وە سزاکە ئەمڕۆ لە بەردەم کۆمەڵێک لە خەڵکی شاری فەراھ و ژمارەیەک لە کاربەدەستانی تاڵیبان ئەنجام درا.

نووسیویەتی تاوانبارەکە (تاجەمیر فەرزەند غوڵام سەروەر) کە دانیشتووی گوندی جلوارچه بوو لە شارۆچکەی ئنجیل لە ویلایەتی هیرات کەسێکی کوشتووە بە ناوی (مستەفا فەرزەند عەبدولڕەحمان) کە خەڵکی گوندی گنگ بوو لە شارۆچکەی پشت کوه لە ویلایەتی فەراھە، پاشان مۆبایل و ماتۆرسکیلەکەی دزیوە.


ذبیحوڵڵا لە تویتەرەکەی نووسیویەتی سزاکە لەلایەن باوکی کەسە کوژراوەکە ئەنجام درا بە چەکی کلاشینکۆڤ و 3 گولـلەی پێوە ناوە لە بەردەمی خەڵکەکەدا.


لەوەتای لە مانگی هەشتی ساڵی 2021 وە تاڵیبان گەڕاوەتەوە بۆ سەر دەسەڵات لە ئەفغانستان، ئەمە یەکەم سزای مەرگ بوو کە بە ئاشکرا و لەبەر چاوی خەڵکدا جێبەجێ بکرێت.

هبەتوڵڵا ئاخوندزادە، فەرماندەی باڵای تاڵیبان، مانگی ڕابردوو فەرمانی بە دادوەری وڵاتەکە کرد تەواوی شەریعەتی ئیسلامی جێبەجێ بکەن، بە تایبەتی سزای مەرگ و جەڵدکردن و ڕەجمکردن و بڕینی دەستی کەسانی دز لەبەر چاوی خەڵک.

تاڵیبان لە ماوەی حوکمڕانیکردنی لە ئەفغانستان لە نێوان ساڵانی 1996 هەتا 2001 ، بە ئاشکرا خەڵکی جەڵد دەکرد و دەکوشت، تەنانەت لە ستادیۆمی کابول جێبەجێی دەکرد و خەڵکی هان دەدا ئامادەی جێبەجێکردنی سزاکان بن.

سەرچاوە: فڕانس پرێس

XS
SM
MD
LG