Accessibility links

وەزارەتی بەرگری تایوان: چین دەیەوێت لەڕێی مەشقە سەربازییەکانەوە هەڕەشە بکاتە سەر بەندەر و شارە سەرەکییەکان


وەزارەتی بەرگری تایوان دەڵێت چین هەوڵ دەدات لەڕێی ڕاگەیاندنی مەشقە سەربازییەکانیەوە لەنزیک تایوان هەڕەشە بکاتە سەر بەندەر و شارە سەرەکییەکانی دوورگەکە.

وەزارەتی بەرگری تایوان لە بەیاننامەیەکدا گوتی ئامانجی مەشقەکان ئەوەیە لەڕووی دەروونییەوە هاوڵاتیانی تایوان بترسێنن، وتیشی هێزە چەکدارەکانی تایوان خراونەتە ئامادەباشییەوە و دانیشتوانی تایوان پێویست ناکات بترسن.

لە کاتێکدا چین هەر زوو سەردانەکەی پیڵۆسی سەرکۆنە کرد، وەزارەتی دەرەوەی چین گوتی سەردانەکەی پیڵۆسی بۆ تایوان بەجددی زیان بە ئاشتی و سەقامگیری تەنگەی تایوان دەگەیەنێت و " کاریگەرییەکی توندی دەبێت لەسەر بنچینەی سیاسیی پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمەریکا، هەروەها پێشێلکردنێکی مەترسیداری سەروەری خاکی چینە."

پێش ئەوەی پیڵۆسی بگاتە تایوان، فڕۆکە جەنگییەکانی چین بەسەر هێڵی ناوەندی تەنگەی تایواندا هاتووچۆیان دەکرد، ئەو هێڵەش سنووری ئاوی چین و تایوانی لە تەنگەکەدا جیاکردۆتەوە. وەزارەتی بەرگری چین گوتی سوپای وڵاتەکە خراونەتە ئامادەباشییەوە و " ئۆپەراسیۆنی سەربازی بە ئامانج " ئەنجام دەدات وەکو وەڵامێک بۆ سەردانەکە پیڵۆسی.

پێشتر وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن کیربی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە هیچ شتێک سەبارەت بە ئەگەری سەردانی پیڵۆسی بۆ تایوان لە سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر تایوان ناگۆڕێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG