Accessibility links

لاڤرۆڤ: سەردانەکەی پیڵۆسی بۆ تایوان " بێزارکردن " دروست دەکات


وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ دەڵێت سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ تایوان هەوڵێکی بەمەبەستی واشنتنە بۆ توڕەکردنی چین.

لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ میانمار، لاڤرۆڤ ڕەخنەی لە ئەمەریکا گرت و گوتی واشنتن بەشێوەیەک مامەڵە دەکات کە کارەکانی سزایان نەبێت.

لاڤرۆڤ گوتی " هیچ هۆکارێکی دیکە نابینم بۆ دروستکردنی ئەم بێزاریکردنە، لەکاتێکدا زۆر بەباشی دەزانن ئەمە چی دەگەیەنێت بۆ چین."

سەردانەکەی پیڵۆسی بۆ تایوان بووە هۆی توڕەبوونی چین، لە کاتێکدا کە گرژییەکانی جیهان بەهۆی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیاوە زیاتر بووە.

ڕووسیا پشتیوانی لە چین دەکات و دەڵێت چین مافی خۆیەتی سەروەری خاکەکەی بپارێزێت، لەکاتێکدا کە چین تایوان بەبەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت. تایوانی دیموکراتخوازیش دەسەڵاتی چین بەسەر دوورگەکەدا ڕەت دەکاتەوە.

ئەمەریکا هیچ پەیوەندییە دیبلۆماتی فەڕمی لەگەڵ تایواندا نیە، بەڵام بەپێی یاسا چەک بۆ تایوان دابین دەکات تاوەکو بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات، لە ڕابردووشدا بەردەوام بەرپرسانی ئەمەریکا وەکو دەربڕینی پشتیوانی واشنتن سەردانی تایوانییان کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG