Accessibility links

سەرچاوە: کۆریای باشوور 600,000 کەرەستەی پشکنین ڕەوانەی ئەمەریکا دەکات


بەرپرسێکی سیئۆل وتی ڕۆژی سێشەممە کۆریای باشوور بەنیازە 600,000 کەرەستەی پشکنین بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕەوانەی ئەمەریکا بکات، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا داوای لەو وڵاتە کردبوو کەرەستەی پشکنینی بۆ بنێرێت.

لە 25 ی مانگی سێدا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ سەرۆک کۆریای باشوور مون جەی ئیندا داوای کەرەستەی پشکنینی کرد دوای ئەوەی یەکەمین شەپۆلی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زۆرێک لە ویلایەتەکانی ئەمەریکا دەرکەوت.

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ڕۆیتەرزی وت وابڕیارە فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ئەمەریکی کاتژمێر 10:30 خولەکی ئێوارە بە کەرەستەکانەوە بەرەو ئەمەریکا بەڕێبکەوێت.

بەرپرسەکە وتی کەرەستەکان لەلایەن دوو کۆمپانیاوە دروست کراون کە مۆڵەتی بەڕێوبەرایەتی خواردن و دەرمانی ئەمەریکا (FDA)یان وەرگرتووە، بەڵام ئاماژەی بە ناوی کۆمپانیاکان نەدا.

وتیشی حکومەتی ئەمەریکا لەکاتی وەرگرتنی بارەکەدا پارەی کەرەستەکان دەدات لەکاتێکدا 150,000 کەرەستەی پشکنینی دیکە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەناردەی ئەمەریکا دەکرێت.

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا تاوەکو ڕۆژی یەکشەممە نزیکەی 22,000 حاڵەتی گیان لەدەستدانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تۆمارکردووە، 42 ویلایەتیش فەرمانیان بە خەڵک کردووە لە ماڵەکانیان بمێننەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG