Accessibility links

چی روودەدات ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا براوەیەکی روونی لێنەکەوێتەوە؟


لە کاتێکدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2020 ی ئەمەریکا کەمتر لە دوو هەفتەی ماوە ، زانایانی سیاسی و پسپۆڕانی یاسای هەڵبژاردن باس لە چەند سیاناریۆیەکی جیاوازدەکەن کە وڵاتەکە لە ڕۆژی هەڵبژاردن و هەفتەکانی پاش ئەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

ئەگەرەکان لە نێوان بردنەوەیەکی روون و رەوان دەبێت لە لایەن سەرۆک دۆناڵد ترامپ یاخود جۆو بایدنی جێگری پێشووی سەرۆک ، یان شەڕێکی قانونی کە دەرئەنجامەکەی هەتا مانگی یەکی ساڵی ئایندە نادیارە، واتا هەتا ئەو کاتەی کۆنگرسی نوێ بڕیارە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە پشتڕاست بکاتەوە .

پسپۆڕان دەڵێن دیاریکردنی براوەی ئەم هەڵبژاردنە تایبەتە، پڕە لە نیگەرانی بەهۆی ئاستێکی بێپێشینەی شێوازی دەنگدان بە غیابی ( نەچوون بۆ بنکەی دەنگدان) بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە. هاوکات بەهۆی جیاوازی لە یاساکان لە نێوان ویلایەتەکاندا سەبارەت بەوەی کە چۆن و کەی دەنگەکانی غیابی هەژماردەکرێن ، واتای ئەوەیە کە تەواوکردنی کۆتا هەژمارکردنەکە چەند ڕۆژێک یان هەفتەیەک بخاێنێت.

شارەزایەکی سیاسی لە ئینستیتوتی برۆکگینز کە بە سیناریۆی مۆتەکەی ناودەبات دەڵێت ئەم هەڵبژاردنە پڕ لە ململانێیە کە ئەنجامەکەی گوماناوییە ، وڵات دەخاتە رەوشی بێسەروبەرییەوە.

سەرۆک ترامپ بەردەوام ئاماژەی بەو ئەگەرە کردووە کە دەنگدان بە ئاستێکی گەورە لە رێی پۆستەوە دەرئەنجامی هەڵبژاردنێکی پڕ ساختەی لێدەکەوێتەوە و بەردەوامیش ئەوەی رەتکردوەتەوە کە پێشوەخت پابەندی گواستنەوەیەکی ئاشتیانەی دەسەڵات ببێت ئەگەر بیدۆڕێنێت.

بەڵام جۆو بایدن گوتویەتی ئەو بە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکە رازیدەبێت ، بەومەرجەی بە شێوەیەکی ڕەوا دەنگەکان هەژمار بکرێن.

بەڕەچاوکردنی شیانی سەرهەڵدانی نائارامی کە هەڵبژاردنێکی پڕ لە کێبڕکێ بیخولقێنێت ، لەم حاڵەتەدا باشترین سیناریۆ رەنگە ئەوەبێت کە لە شەوی هەڵبژاردنەکەدا ئەنجامێکی دڵنیا یان نیمچە دڵنیا دەرکەوێت ، کە ئەمەش لە چوارچێوەی ئەگەرەکاندایە . بەڵام سروشتی سیستیمی ئەمەریکا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێک چەندان دەرئەنجامی جیاواز بە کراوەیی دەهێڵیتەوە.

پرۆسەیەکی ئاڵۆز

جۆ بایدن بەربژاری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی لە ئێستادا نزیکەی 9 بۆ 10 خاڵ لە ڕاپرسی سەرتاسەری وڵاتدا لە پێشەوەیە، بەڵام سەرۆکایەتی لەسەر بنچینەی دەنگی گشتی دیاریناکرێت. هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەڕێی سیستمێکی ئاڵۆزی دوو هەنگاویەوە دیاریدەکرێن کە تێدا دەنگدان لەسەر ئاستی ویلایەتەکە بەدوایدا دەنگدانی دووەم دێت کە لەلایەن دەستەی هەڵبژاردنەوە دەکرێت. هەر ویلایەتو ژمارەیەک لە هەڵبژێنەران دیاری دەکات لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوانی و ئەمانیش پشتیوانی لە براوە لە دەنگدانە گشتیەکەدا دەکەن ،کاتێکیش هەژمارکران دەنگەکان تەواو بوو ، پەسەندی دەکەن.

راپرسیەکان لە هەر تاکە ستانێک ئاماژە بەوەدەکەن کە وێڕای ئەوەی سەرۆک ترامپ لە راپرسییەکانی وڵاتدا لە دواوەیە ، بەڵام رەنگە سەرۆک ترامپ هەڵبژاردنەکە بباتەوە بە زۆرینەی دەنگی گشتی ، هاوشیوەی بردنەوەی سەرۆک ترامپ لەلایەن دەستەی هەڵبژاردنەوە لە ساڵی 2016 دا.

دەستەی هەڵبژاردن لە 14 مانگی 12 دا کۆدەبێتەوە بۆ دەنگدانێک کە بە فەرمی کێ دەبێتە سەرۆکی داهاتوو دیاریدەکات. دەبێت کاندیدی سەرۆکایەتی 270 دەنگ لە کۆی 538 دەنگ بەدەستبێنێت بۆ ئەوەی سەرکەوتن راگەێنێت .

لە 6 ی مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا، لە دانیشتنێکی هاوبەشی خانەی نوێنەران و ئەنجومەنی سینات دەنگەکان بەفەرمی هەژماردەکرێن.

هاوکاتی ئەوەی چەند ویلایەتێک هەن کە تەوای هەژمارکردنی پرۆسەی دەنگەکانیان چەند رۆژێک یان بگرە چەند هەفتەیەک دەخاێنێت ، هاوکات ژمارەیەک لە ویلایەتەکانیش گرنگن بۆ دەرئەنجامی دەنگدانەکە. پێشبینی دەکرێت تەواوبوونی هەژمارکردنی تەواو یان نیمچە تەواوی دەنگدانەکە لە ئێوارەی رۆژی هەڵبژاردنەکە یان سەرەتای رۆژی دوای هەڵبژاردنەکە رابگەێندرێت.

شیانی شەڕی قانونی

ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بابڵێین هەتا بەیانی رۆژی داهاتوو روون نەبوو، لەبەر ئەوەی ژمارەیەک ویلایەتی گرنگ هەن کە ناتوانن بەهۆی ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە پسوڵەی دەنگدان بە غیابی کە هێشتا دەبێت بژمێردرێن ، تەواوبکرێن ، جا ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت رووبدات ، مشتومڕێکی توندە لەو ویلایەتانەدا لەسەرهەر یەکێک لەو پسوڵانەی دەنگدانی غیابی کە ئایا بە دروست هەژماربکرێن یان نا.

هەرچەندە شیانی ئەوەش هەیە کە هەردوو کاندیدی سەرۆکایەتی دەنگەکانیان لەلای دەستەی هەڵبژاردن یەکسان بێت و براوەی سەرۆکایەتی نەبێت تەنانەت دوای ئەوەی دەنگەکانی دەستەی هەڵبژیران ژمێردران. ئەگەر هەر یەک لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی 269 دەنگیان هێنا ، بڕیاردان لەسەر ئەوەی کێ براوەی هەڵبژاردنەکەی سەرۆکایەتی دەبێت ،ئەوە بەرپرسیارێتی خانەی نوێنەران دەبێت.

لەبری ئەوەی دەنگدانێک بکرێت کە سەرجەم 438 ئەندامی خانەی نوێنەران بەتەنیا دەنگبدەن، شاندەکانی هەر ویلایەتێک پێکەوە دەنگدەدەن ، ئەمەش واتای ئەوەیە کە پارتی زاڵ لە هەر ستانێکدا کۆنترۆڵی دەنگدانەکەی دەکات .

XS
SM
MD
LG