Accessibility links

ترامپ لە نیڤادا و بایدن لە کارۆلینای باکور بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن


سەرۆک ترامپ، کاندیدی کۆمارییەکان و جۆو بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە پشووی هەفتەدا بەردەوام بوون لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا.

هەردوو کاندید لە هەوڵی یەکلاکردنەوەی دەنگدەرانی ستانەکانی ئەمریکادان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە بڕیارە ڕۆژی 3ی مانگی یازدە بکرێت.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی یەکشەممە لە ستانی نیڤادا بوو، بەر لەوەی بەشداری لە مەڕاسیمێکی کۆکردنەوەی پارەدا بکات لە شاری کارسۆن، سەردانی کڵێسایەکی کرد و ئەو سەردانکردنەش بە دەگمەن ناودێر دەکرێت. شاری کارسۆن بە مەیدانێکی ململانێی هەڵبژاردن دادەنرێت بۆ کۆماری و دیموکراتەکانیش.ستانی نیڤادا لە ساڵی 2004ەوە هیچ کاندیدێکی کۆمارییەکان سەرکەوتنی تیادا بەدەست نەهێناوە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا.

هەزاران لایەنگر چووبوونە ئەو گردبوونەوەیەی شاری کارسۆن و دروشمی ستایش ئامێزیان بۆ سەرۆک ترامپ دەگوتەوە و هەروەهاش هاواریان دەکرد بۆ دژایەتیکردنی بایدن و میدیاش. زۆربەی ئامادەبووانیش دەمامکیان نەکردبوو لە کاتێکدا توشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە نیڤادا لە هەڵکشاندایە و ڕۆژی شەممە زیاتر لە یەک هەزار کەسی تر ڕاگەیەندرا کە توشی ئەم پەتایە بوون.

سەرۆک ترامپ، وەک هەمیشە لە لێدوانەکانیدا ئاماژەی پێدەکات، جارێکی تریش ئاگاهیدا سەبارەت بەوەی ئەگەر بایدن هەڵببژێردرێت ئەوا کۆت و بەندی زیاتر دادەنێت و وەک گاڵتەکردنێکیش بە بایدن وتی "بایدن گوێ لە زاناکان دەگرێت."

جۆو بایدن لە ستانی کارۆلینای باکور دوای لە دەنگدەران دەکرد تا بە زووترین کات بچن بۆ دەنگدان، ئەم داوایەی بایدن لە کاتێکدایە دەنگدەران لە ئەمریکا چاوەڕوانی سێهەم و دوا دیبەیتی کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەکەن کە بڕیارە لەم هەفتەیەدا بکرێت.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە نزیکەی 27 ملیۆن و 900 هەزار دەنگدەری ئەمریکایی لە ڕێی دامەزراوەی پۆستەوە یان بە دەنگدانی ڕاستەوخۆ دەنگی خۆیان داوە، بەپێی ئەو ئامارە فەرمیانەی بڵاوکراونەتەوە.

XS
SM
MD
LG