Accessibility links

ڕووسیا ڤیتۆ بەکاردەهێنێت دژی بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر سەرکۆنەکردنی لکاندنی هەرێمەکانی ئۆکرانیا بە ڕووسیاوە


باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاسێلی نیبینزیا،
باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاسێلی نیبینزیا،

ڕووسیا ڤیتۆی دژی بڕیارێک بەکارهێنا کە لەلایەن ئەمەریکا و ئەلبانیاوە پێشنیار کرا بوو بۆ سەرکۆنەکردنی لکاندنی هەندێک لە هەرێمەکانی ئۆکرانیا بە ڕووسیاوە، بەڵام چینی هاوبەشی ستراتیژی ڕووسیا خۆی بەدوورگرت لە دەنگدان لەسەر بڕیارەکە.

لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لکاندنی چوار هەرێمی ئۆکرانیای بە ڕووسیاوە ڕاگەیاند کە دەکاتە لە سەدا 15ی خاکی ئۆکرانیا. ئەمەش گەورەترین لکاندنی خاکە لە ئەوروپادا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە و لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا و زۆرێک لە هاوپەیمانە نزیکەکانی ڕووسیاشەوە ڕەت کراوەتەوە.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد بڕیارەکەی پێشکەش کرد و داوای لە وڵاتانی ئەندام کرد دان نەنێن بە هیچ گۆڕانکارییەک لە پێگەی ئۆکرانیادا و داوای لە ڕووسیا کرد هێزەکانی لە ئۆکرانیا بکشێنێتەوە.

گرینفیڵد بە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکانی وت هەوڵەکان بۆ لکاندنی خاکی وڵاتێکی خاوەن سەروەر دژی بنچینە سەرەکییەکانی نەتەوە یەکگرتووکانە، وتیشی پوتن بە کۆنسێرت ئاهەنگی " پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی " دەگێڕێت.

10 وڵاتی ئەندام لە ئەنجومەنەکەدا لە بەرژەوەندی سەرکۆنەکردنی لکاندنی هەرێمەکان بە ڕووسیاوە دەنگیاندا، هاوکات چین و گابۆن و هیندستان و بەڕازیل خۆیان بەدوورگرت لە دەنگدان.

گرینفیڵد دوای کۆبوونەوەکە بە ڕۆژنامەنووسانی گوت " تەنانەت یەک وڵاتیش لە پاڵ ڕووسیادا دەنگی نەداوە." گوتیشی ئەوانەشی کە خۆیان بەدوورگرت لە دەنگدانەکە " ئاشکرا دیارە کە بۆ بەرگریکردن لە ڕووسیا نەبووە."

گوتیشی ئەمەریکا پەنا دەباتە بەر 193 ئەندامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوەکو کارەکانی ڕووسیا سەرکۆنە بکەن.

گوتی " لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، وڵاتانی جیهان بە ڕوون و ئاشکرا دەڵێن ئەمە نایاساییە، جێی پەسەند کردن نیە هەوڵ بدەیت لەڕێی بەکارهێنانی هێزەوە دووبارە سنووری وڵاتێکی دیکە بکێشیتەوە."

باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاسێلی نیبینزیا کە تەنها کەس بوو دەست بەرز بکاتەوە و دەنگ لە بەرژەوەندی لکاندنەکان بدات و ڤیتۆ دژی بڕیارەکە بەکاربهێنێت، وتی ئەو هەرێمانەی کە ڕووسیا بە هێز گرتوونی و هێشتا شەڕییان تێدایە، خۆیان بڕیاریانداوە ببنە بەشێک لە ڕووسیا. وڵاتانی ڕۆژئاوا و کیێڤ ڕیفراندۆمەکانیان بە ساختە ناوبردووە.

نیبینزیا گوتی " پاشگەزبوونەوە لە لکاندنەکان ڕوونادات."

باڵیۆزی ئۆکرانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان سێرگێی کیسلیتسیا گوتی ئەو تەنها دەستەی کە دژی بڕیارەکە بەرز کرایەوە " دووبارە شایەتی بوو بۆ دابڕانی ڕووسیا و هەوڵە بێهیواکانی بۆ ڕەتکردنەوەی ڕاستیی پابەندبوونی هاوبەشمان."

باڵیۆزی بەڕیتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان باربەڕا ودوارد گوتی ڕووسیا " سوکایەتی بە ڤیتۆکەی کرد لە بەرگریکردن لە کارە نایاساییەکانیدا، لکاندنەکانیش هیچ کاریگەرییەکی یاساییان نابێت."

چینی هاوبەشی ستراتیژی ڕووسیا خۆی بەدوورگرت لە دەنگدانەکە، بەڵام نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە " درێژبوونەوە و فراوانبوونی قەیرانەکان " لە ئۆکرانیا.

چین زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ ململانێکەدا کردووە، ڕەخنەی لە سزاکانی ڕۆژئاوا گرتووە بۆ سەر ڕووسیا، بەڵام ستایش یاخود یارمەتی هەڵمەتە سەربازییەکەی ڕووسیای لە ئۆکرانیا نەداوە. سەرەڕای ڕاگەیاندنی " هاوبەشیی بێسنوور " لە نێوان دوو وڵاتەکەدا، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە دان پێدانانێکی دەگمەندا لەم مانگەدا وتی سەرۆکی چین شی جین پینگ نیگەرانی هەیە سەبارەت بە ئۆکرانیا.

باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ژانگ جون گوتی " لە کاتێکدا یەکپارچەیی خاکی هەموو وڵاتێک دەبێت بپارێزرێت، نیگەرانییە ئاسایشییە ڕەواکانیش دەبێت لەبەرچاو بگیرێن."

بەرپرسێکی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی خۆبەدوورگرتنی چین لە دەنگدانەکەدا " تەقە تەقی لەرزینی " ڕووسیا و ئەو جووڵانەی ڕووسیا دەردەخات کە هەڕەشە لە یەکپارچەیی خاکی وڵاتان دەکەن و چین دەخەنە " دۆخێکی نائارامەوە."

گوتیشی " چین نابینین پشتیوانی لەم ئەجێندا زۆر شەڕانگێزترە بکات کە ڕووسیا هەوڵی فرۆشتنی دەدات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG