Accessibility links

ڕووسیا: دەتوانین هاوڕابین لەگەڵ ئەمەریکادا لەسەر پێویستی بۆ ئاشتی لە ئۆکرانیا


ڕووسیا دەڵێت دەتوانێت لەگەڵ ئەمەریکادا هاوڕا بێت سەبارەت بە پێویستی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ئۆکرانیا، بەڵام گفتوگۆکانی بە دوور زانی هەتاوەکو ئەو کاتەی ئامانجەکانی لە " ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەیدا " بە دەست دەهێنێت.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن هەردووکیان ئاماژەیان بەوەداوە کە کراوەن بە ڕووی دیبلۆماسیدا، بەڵام کۆبوونەوەی دوو سەرۆکەکە ڕێک نەخراوە و هیچ لایەنێکیشیان لەسەر مەرجەکانی گفتوگۆکردن ڕێکنەکەوتوون.

ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە چاوپێکەوتنێکدا وتی جەنگەکەی ئۆکرانیا کە لە ئێستادا چووەتە مانگی دەیەمییەوە بە دڵنیاییەوە لە ڕێی دیبلۆماسی و گفتوگۆکردنەوە کۆتایی دێت، وتیشی " دادپەروەری و ئاشتییەکی هەمیشەیی " پێویستە.

وەکو وەڵامێک بۆ لێدوانەکانی بلینکن، وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی هاوڕایە سەبارەت بە پێویستی ئاشتی لە ئۆکرانیادا.

وتی " کە دەرەنجامەکە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی بێت، دەتوانیت هاوڕا بیت لەگەڵ ئەوەدا. بەڵام بۆ گفتوگۆکان لە ئێستادا پێمان وانیە گفتوگۆ بکرێت، ئێمە چەند جارێک ئەوەمان وتووە."

وتیشی " ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکە دەبێت بە دەست بهێندرێن. ڕووسیا دەبێت ئەو ئامانجانەی دایناوە بە دەستیان بهێنێت و بە دەستیشیان دەهێنێت."

ئامانجەکانی ڕووسیا لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا بە دیاریکراوی ڕوون نیە، هەروەها لەگەڵ شکستەکانیشیدا لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا ئامانجەکانی گۆڕاون، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی وتوویەتی کە هەرگیز کۆڵ نادات لە ناوچە داگیرکراوەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

کیێڤ ڕەتی کردۆتەوە لە بەرامبەر ئاشتیدا هیچ ناوچەیەکی خۆی ڕادەستی ڕووسیا بکات، هەروەها داوای لە ڕووسیا کردووە هەموو ئەو ناوچانەی داگیریکردوون ڕادەستی ئۆکرانیایان بکاتەوە، بە کرایمیاشەوە کە لە ساڵی 2014 ەوە لەلایەن ڕووسیا یاخود هێزەکانی سەر بە ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵ کراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG