Accessibility links

ڕووسیا بۆردومانی شارەکانی ئۆکرانیا دەکات


ڕووسیا بەیانی ڕۆژی دووشەممە لە کاتی قەرەباڵغیدا بۆردومانی چەند شارێکی ئۆکرانیای کرد و بەهۆیەوە هاوڵاتیانی مەدەنی کوژراون و ژێرخانە مەدەنییەکانیش لەناوچوون، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ تەقینەوەکەی سەر پردەکەی کرایمیا کە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بە کردەوەیەکی تیرۆریستی ناویبرد.

هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا شەقامە قەرەباڵغەکان و پارک و شوێنە گەشتیارییەکانی ناوەڕاستی کیێڤیان کردە ئامانج، بە شێوەیەک کە پێشتر نەبیندراوە، تەنانەت ئەو کاتەش کە لە سەرەتای جەنگەکەدا ڕووسیا ویستی کیێڤ بگرێت.

دەنگی تەقینەوە بیستراوە لە لڤیڤ و تێرنۆپیل و ژیتۆمیری ڕۆژئاوای ئۆکرانیا و دنیپرۆ و کرێمینچوکی ناوەڕاستی ئۆکرانیا و زاپۆریژای باشوور و خارکیڤی ڕۆژهەڵات.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی هێرشەکان کە لە کاتی قەرەباڵغیدا ئەنجام دران وادەردەکەوێت ئامانجەکەی کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی بووبێت.

لە کیێڤ تەرمی پیاوێک لەسەر شەقامێکی سەرەکی کەوتووە و دەوروبەریشی پڕ بووە لە ئوتومبێلی سوتاو. لە پارکێکیشدا سەربازێک چارەسەری ئافرەتێکی برینداری دەکرد. دوو ئافرەتی دیکەش لەو نزیکانە بریندار بوون.

بەیانی ڕۆژی دووشەممە دووبارە موشەکی دیکە کیێڤی پایتەختیان کردە ئامانج، هاوڵاتیان پەنایان بردۆتەبەر پەناگەکان لە وێستگەیەکی میترۆ و گەراجی ئوتومبێلەکاندا.

وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا وتی ڕووسیا 75 موشەکی کروزی هەڵداوە، هێزی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیاش 41 موشەکییان خستۆتە خوارەوە. پۆلیسی شاری کیێڤ وتی لانیکەم 5 کەس کوژراون و 15 کەسی دیکە لە شارەکەدا بریندار بوون.

زێلێنسکی وتی " ئەوان هەوڵ دەدەن لەناومان ببەن و لەسەر ڕووی زەوی بمانسڕنەوە. موشەک هەڵدەدرێن و بە داخەوە کوژراو و بریندار هەن."

دواتر وتی هێرشەکان دوو ئامانجییان هەیە، ژێرخانی ئابووری و خەڵکەکە.

وتی " ئەو کات و ئەو جۆرە ئامانجانە بە تایبەتی هەڵبژێردراون بۆ ئەوەی زۆرترین زیان بگەیەنن."

تاوەکو ئێستا ڕووسیا لێدوانی نەداوە لەسەر ئەوەی ئامانجەکانی چی بوون. ڕووسیا پێشتر وتوویەتی بە مەبەست هاوڵاتیانی مەدەنی نەکردۆتە ئامانج.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا وتی " تەنها تاکتیکی پوتن تیرۆرە دژی شارە ئاشتیخوازەکانی ئۆکرانیا، بەڵام ئەو ناتوانێت ئۆکرانیا بشکێنێت. ئەمە وەڵامەکەشیەتی بۆ هەموو ئەوانەی کە دەیانەوێت سەبارەت بە ئاشتی قسەی لەگەڵدا بکەن. پوتن تیرۆریستێکە کە بە موشەک قسە دەکات."

سەرۆکی شارەوانی کیێڤ ڤیتالی کلیسچکۆ وتی " پایتەخت لە ژێر هێرشی ڕووسییە تیرۆریستەکاندایە. موشەکەکان لە ناوەڕاستی شارەکە و ناوچەی سۆلۆمیانسکی دەدەن. زەنگەکانی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانی لێدەدرێن، لەبەر ئەوەی هەڕەشەکە بەردەوامە."

وتیشی " شەقامەکانی ناوەڕاستی کیێڤ لەلایەن پۆلیسەوە گیراون و تیمەکانی فریاکەوتن کاردەکەن."

دواتر وتیشی ژێرخانێکی گرنگ کراوەتە ئامانج.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG