Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت زیاتر لە 1170 کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە هەرێمی خێرسۆن گرتۆتەوە


وتەبێژێکی سەربازیی ئۆکرانیا دەڵێت ئۆکرانیا لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشە پێچەوانەکەیەوە دژی هێزەکانی ڕووسیا لە کۆتایی مانگی هەشتدا، زیاتر لە 1170 کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە خاکی هەرێمی خێرسۆنی باشووری وڵاتەکە گرتۆتەوە.

ئۆکرانیا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا هێرشە پێچەوانەکەی سەرکەوتوو بووە، بەڵام هەوڵەکانی لە باشووری وڵاتەکە بۆ سڕینەوەی شوێنپێی ڕووسییەکان لە کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری دنیپرۆ کارێکی ماوە درێژتر و ماندووکەرتر بووە.

وتەبێژی سەرکردایەتی سەربازیی باشووری ئۆکرانیا ناتالیا هومینیوک وتی ئۆکرانیا بەرەوپێشەوە چووە لە بەرەی خێرسۆندا، بەڵام هێشتا کارێکی زۆر ماوە ئەنجام بدرێت تاوەکو بە تەواوەتی ئەو ناوچانەی گیراونەتەوە پاک بکرێنەوە.

وتی " کارەکانی پاککردنەوە و چەسپاندن و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ناوچەکان بەردەوامن، چونکە ئەو ناوچانەی کە دەچینە ناوییانەوە چەندین سوپڕایزییان تێدایە کە داگیرکەرە ڕووسییەکان دوای خۆیان بەجێیان هێشتوون."

هومینیوک وتیشی " لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشە پێچەوانەکەوە تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 1170 کیلۆمەتر چوارگۆشە بە ئاڕاستەی خێرسۆن ئازاد کراوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG