Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت کۆگایەکی تەقەمەنی سیستەمی هیمارسی لە ئۆکرانیا لەناوبردووە


وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت هێزەکانی وڵاتەکە کۆگایەکی تەقەمەنی سیستمی موشەکی هیمارسی ئەمەریکاییان لە بۆگدانۆڤتسی هەرێمی خمیلنیتسکی ئۆکرانیا لەناوبردووە.

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ ئەو هەواڵە پشتڕاست بکاتەوە.

ڕووسیا لە ڕابردوودا ئاماژەی بەوەدا بوو کۆمەڵێک سیستمی موشەکی هیمارسی لە ئۆکرانیا لەناوبردووە، کە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە دراوە بە ئۆکرانیا. کیێڤیش ڕەتی دەکاتەوە ئەو جۆرە سیستمانە کرابێتنە ئامانج.

ئەم چەکە پێشکەوتووە مەودایەکی درێژتری هەیە لە سیستمە مووشەکییەکانی دیکە، ئەمەش ڕێگە بە کیێڤ دەدات کۆگاکانی چەکی ڕووسی لە پشت بەرەکانی پێشەوە بپێکێت، کە پێشتر نەیتوانیوە پێیان بگات.

لە 6 ی مانگی حەوتدا، چەند ڕۆژێک دوای گەیشتنی سیستمی موشەکی هیمارس بۆ ئۆکرانیا، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند دوو لەو سیستمانەی لەناوبردووە، گرتە ڤیدیۆیەکیشی بۆ پشتڕاستکردنەوەی هێرشەکانی سەر سیستمەکە بڵاوکردەوە.

ئۆکرانیا بانگەشەکانی ڕووسیای ڕەت کردۆتەوە و دەڵێت سیستمە ئەمەریکییەکەی بەکارهێناوە و " زیانێکی ڕووخێنەری " گەیاندووە بە هێزەکانی ڕووسیا.

بەرپرسی ستافی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی هەینی گوتی ئۆکرانیا بەردەوامە لە بەکارهێنانی هیمارس و " زیانێکی گەورەی بە وڵاتە دوژمنکارەکە گەیاندووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG