Accessibility links

ئەمەریکا بە بەهای 400 ملیۆن دۆلار چەکی زیاتر بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی هەینی پاکێجێکی نوێی هاوکاری چەکی بە بەهای 400 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆکرانیا واژۆ کرد، کە چوار سیستەمی موشەکی تۆپخانەی جۆری (HIMARS) لەخۆ دەگرێت کە خاوەنی تایبەتمەندییەکی جوڵە و گواستنەوەی بەرزە، لەگەڵ چەندین جۆر تەقەمەنی دیکە.

یارمەتییە نوێیەکانی ئەمەریکا بۆ بەهێزکردنی ئۆکرانیایە لە کاتێکدا ڕووبەڕووی لێدانی قورس دەبێتەوە لەلایەن تۆپخانەکانی ڕووسیاوە.

لە دوای لەشکرکێشییەکەی ڕووسیا لە 24 ی مانگی 2 ەوە، هێزەکانی ڕووسیا بەشێکی گەورەی خاکیان لە سەرانسەری بەرەی باشوری ئۆکرانیا لە سەرووی کریمیاوە کۆنتڕۆڵ کردووە، کە ڕووسیا لە ساڵی 2014 دا بە زۆر و زۆرداری خستییە سەر خاکەکەی خۆی و تێکڕا وەک دەوڵەتی سەربەخۆ دانی پێدا ناوە.

بەرپرسێکی باڵای بەرگری ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی زیادکردنی ژمارەی HIMARS کۆی ژمارەی ئەم سیستەمانە دەگاتە 12 سیستەمی تۆپخانە.

ئه‌و به‌رپرسه‌ گوتیشی "ئێستا ئۆكرانیا به‌ سه‌ركه‌وتوویی هێرشی كردووه‌ته‌ سه‌ر شوێنه‌كانی ڕووسیا له‌ ئۆكرانیا، قووڵتر له‌ پشت به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ و توانای ڕووسیای لەکارخستووە بۆ ئه‌نجامدانی هەڵمەتی‌ تۆپخانەکانی‌."

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو ئەو HIMARS کە پێشکەشی ئۆکرانیای کراوە حسابیان بۆ کراوە، دوای ئەوەی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ڕایگەیاندبوو کە دوو سیستەمی هیمارس و کۆگاکانی تەقەمەنیەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لەناوبردووە.

ئەمەریکا مانگی ڕابردوو دەستیکرد بە دابینکردنی سیستمی سەرەکی چەکی موشەکی ورد پێکان بۆ ئۆکرانیا دوای ئەوەی لە کیێڤەوە دڵنیایی وەرگرت کە بەکاری ناهێنێت بۆ پێکانی ئامانجەکانی ناو خاکی ڕووسیا.

بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەشدا کە "ئۆکرانیا سیستمی هیمارسی بەکارنەهێناوە بۆ تۆپبارانکردنی ئامانجەکانی دەرەوەی ئۆکرانیا."

هەروەها نوێترین پاکێجی چەک و تەقەمەنی وردتر لەخۆدەگرێت بۆ سیستەمی تۆپخانەی هاویتزەر، کە لەبەردەستی سوپای ئەمەریکادایە بەڵام بۆ کیێڤ دابین نەکرابوو.

لە دوای لەشکرکێشی ڕووسیاوە هەزاران کەس لە ئۆکرانیا کوژراون و ملیۆنان کەس ئاوارە بوون، کە مۆسکۆ بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەت بۆ داماڵینی چەک لە ئۆکرانیا ناوی دەبات.

بەرپرسانی ئەموریکا و دیپلۆماسی بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە لە کاتێکدا ئەموریکا و هاوپەیمانەکانی چەکی بەهێزتر پێشکەشی ئۆکرانیا دەکەن، واشنتۆن گفتوگۆی لەگەڵ کیێڤ کردووە سەبارەت بە مەترسییەکانی تاوسەندنی بارودۆخەکە ئەگەر هێرش بکەنە سەر قووڵایی خاکی ڕووسیا.

بەم هاوکاریەی ئێستاشەوە تا ئەم سەروەختە ئەمەریکا نزیکەی 7.3 ملیار دۆلاری وەک هاوکاری پێشکەشی ئۆکرانیا کردووە هەر لەو کاتەوەی هێزەکانی ڕووسیا هێرشە داگیرکارییەکانیان بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکردووە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG