Accessibility links

کیێڤ: هێرشە موشەکییەکانی ئۆکرانیا بەشێوەیەکی بەرچاو توانای هێرشکردنی ڕووسیایان کەمکردۆتەوە


سیستمی موشەکی هیمارسی ئەمەریکی
سیستمی موشەکی هیمارسی ئەمەریکی

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا دەڵێت لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا هێرشە موشەکییەکانی ئۆکرانیا زیاتر لە 30 ناوەندی لۆجیستیکی ڕووسیایان لەناوبردووە و بەشێوەیەکی بەرچاو توانای هێرشکردنی ڕووسیایان کەمکردۆتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا ئۆلیکساندەر مۆتوزیانک ئاماژەی بە ڕۆڵی سیستمی موشەکی هیمارسی ئەمەریکی دا کە یەکێکە لە جۆرەکانی چەکی مەودا درێژ و وڵاتانی ڕۆژئاوا داوییانە بە ئۆکرانیا، تاوەکو یارمەتی سوپای وڵاتەکە بدات لە ڕووبەڕووی ڕووسیادا.

مۆتوزیانک گوتی " لەم هەفتانەی دواییدا، زیاتر لە 30 ناوەندی لۆجیستیکی دوژمن لەناوبراون، لە ئەنجامی ئەوەشدا توانای هێرشکردنی هێزەکانی ڕووسیا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبۆتەوە."

مۆتوزیانک لە لێدوانێکی جیادا بە ڕۆیتەرزی وت کۆمەڵێک سیستمی موشەکی جۆراوجۆر 30 ئامانجییان پێکاوە، یەکێک لەو سیستمانەش سیستمی موشەکی هیمارس بووە.

ئەگەر ئەوە پشتڕاست ببێتەوە، مانای ئەوەیە چەکەکانی ڕۆژئاوا کاریگەرییان لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا هەیە و ڕەنگە ئاماژەیەکیش بێت لەسەر گۆڕانی ئاڕاستەی جەنگەکە.

تاوەکو ئێستا ڕووسیا بەشێکی ناوچەکانی باشووری ئۆکرانیای داگیرکردووە و باڵادەستی لە تۆپهاوێژەکاندا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەکارهێناوە و کۆمەڵێک ناوچەی داگیرکردووە، لە کۆتایشدا هەرێمی لوهانسکی داگیرکرد.

جەنەڕاڵێکی باڵای ئۆکرانیا گوتی ڕووسیا لە هەفتەی ڕابردوودا " یەک مەتر زەوی " کۆنتڕۆڵ نەکردووە و هێرشە موشەکییەکانی ئۆکرانیاش هێڵەکانی گەیاندنی پێویستییەکانی ڕووسیای تێکداوە، مۆسکۆی ناچار کردووە تەقەمەنییەکانی زۆر دوورتر لە بەرەکانی پێشەوە دابنێت. ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ دەستبەجێ ئەو هەواڵە پشتڕاست بکاتەوە.

سیستمی موشەکی هیمارسی ئەمەریکی مەودایەکی درێژتری هەیە و وردترە لە تۆپهاوێژەکانی ئۆکرانیا کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی سۆڤیەت، ئەمەش وایکردووە هێزەکانی ئۆکرانیا بتوانن لەو ئامانجە ڕووسییانە بدەن کە پێشتر نەیتوانیوە بیانگەنێ.

ڕۆژی هەینی وەزیری بەرگری ئۆکرانیا وتی کیێڤ ڕەچەتەی یەکەمین سیستمی موشەکی جۆراوجۆری ئێم 270 ی وەرگرتووە، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا چی وڵاتێک ئەو سیستمەی داوە بە ئۆکرانیا.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕووسیا ڕەخنەی لە ئەمەریکا و بەڕیتانیا گرت لەسەر بەردەوامیدانیان بە مەشق کردن بە هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا، وتی ئەمە بەشێکە لە " شەڕە دووڕەگییەکەی ناتۆ " دژی ڕووسیا. وتیشی واشنتن ڕاهێنەری بۆ ئۆکرانییەکان دابین کردووە و یارمەتییان دەدەن لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی هیمارس.

کیێڤ دەڵێت لەم هەفتەیەدا هێزەکانی ئۆکرانیا هێرشی موشەکییان کردۆتە سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ڕووسیا لە شارێکدا کە دەکەوێتە ناوەڕاستی ناوچەیەکی باشووری ئۆکرانیاوە کە ڕووسیا داگیریکردووە.

مۆتوزیانک گوتی تەنها لە سەدا 30 هێرشە موشەکییەکانی ڕووسیا ئامانجە سەربازییەکانیان پێکاوە، ئەوانی دیکە کەوتوون بەسەر شوێنەکانی هاوڵاتیانی مەدەنیدا. ڕۆیتەرز نەیتوانیوە ئەوە پشتڕاست بکاتەوە. ڕووسیاش ڕەتی دەکاتەوە بە مەبەست هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیای کردبێتە ئامانج.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG