Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت لە چەند هەرێمێکدا بەرپەرچی پێشڕەوی هێزەکانی ئۆکرانیایان داوەتەوە


وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت هێزەکانی وڵاتەکەی بەرپەرچی هەوڵەکانی هێزەکانی ئۆکرانیایان داوەتەوە بۆ پێشڕەویکردن لە هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک و خێرسۆن و میکۆلایڤ، وتیش زیانێکی گەورەیان بە دوژمن گەیاندووە.

ئەم لێدوانەی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا نەتوانراوە پشتڕاست بکرێتەوە.

هەروەها وتیشی بەردەوامە لە هێرشە موشەکییەکانی بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکان و کەرتی وزە لە ئۆکرانیادا، ئەوەش لە ڕێی چەکی مەودا دووری وردەوە.

وەزارەتەکە گوتی " ئامانجی هێرشەکان بەدیهاتوون. سەرجەم ئەو ئامانجانەی دەستنیشان کراون لێیان دراوە."

موشەکەکانی ڕووسیا بە درێژایی داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیادا لە ناوچەکانی دانیشتوانی مەدەنیشیان داوە. ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی کردبێتە ئامانج.

ڕووسیا گوتی هێزەکانیان شوێنەکانی خۆیان گرتووە لە میانەی " شەڕێکی سەختدا " لە هەرێمی خێرسۆن و زیانێکی گەورەشیان لە شوێنەکانی ئۆکرانییەکان داوە لە هەرێمی دۆنێتسک.

لە هەرێمی خارکیڤیش ڕووسیا گوتی سێ هاویتزەری دروستکراوی ئەمەریکی و خاڵێکی تێپەڕینیان لەسەر ڕووباری ئۆسکیل لەناوبردووە، خاڵەکە لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە داندراوە بۆ گواستنەوەی یەدەگ و تەقەمەنییەکانیان.

ڕووبارەکە دەچێتەوە ناو سیڤیرسکی دۆنێتسک و دواتر بە ناو دۆنێتسکدا دەڕوات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG